یارسان

« دين حقيقت و بينش ياري يك تفكر ايلياتي و عشيره‌اي نيست كه براي محاسبات آن راهكاري سنتي بدون دخيل دادن علم و هر آنچه كه در حوزه‌ي نظامنديِ كائنات تعريف دارد در نظر گرفته شود. در واقع هر چقدر كه اشراق و مفاهيم يك تفكر بالاتر باشد، مباحث و گفتمان مربوط به آن نيز تخصصي‌تر و مشكل‌تر مي نماياند. پس ما نمي‌بايست كه مفاهيم را به اندازه‌ي وجود خود پائين بكشيم تا كه به گونه‌اي گردد كه هيچگاه عزم جزم براي بالا كشيدن و سعي براي فهميدن در خود پيدا نكنيم.»

 

 

 

 

 

 

نوشته شده توسط نه‌ریمان حسین دسته: مقالات
نمایش از 08 آذر 1397 بازدید: 17

گوزەرێک بە مێژوو و بیروباوەڕی ئایینی کاکەیی (یارسان)دا

 جووتیار نه‌ریمان حسین

 

پێشەکی

کاکەیی ناوێکە کە بەزۆری لە باشووری کوردستان بۆ گرووپێکی ئایینی بەکار دێت کە لە ڕۆژهەڵات بە یارسان ناودەبرێن. جگە لە کاکەیی و یارسان، ناوەکانی ئەهلی حەق، عەلەوی و عەلی ئیلاهیشیان بۆ بەکاردەبرێت، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەندێک جار لەسەر زاری خەڵکانی ڕەشۆکی بە قەڵخانی ناودەبرێن. ئەم گرووپە ئایینییە کە لە کوردستاندا سەریان هەڵداوە و گەشەیان سەندووە، بەشێکن لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی کوردستان و لە زۆر ناوچەی کوردستان بە شێوەی پەرشوبڵاو نیشتەجێن. کەلام و هۆنراوەکانیان لە مێژووی وێژەی کوردیدا گرنگیی تایبەتیی هەیە. خودی پێڕەوانی ئەم گرووپە ئایینییەش لە مێژووی کورددا کاریگەریی گرنگیان هەبووە، لە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد و شۆڕشە کوردییەکانیشدا بەشدار بوون.

ئەم گرووپە ئایینییە، بەهۆی تایبەتمەندیی ئایینەکەیان و دەوروبەریانەوە بەشێکی زۆری بیروباوەڕ و مەراسیمەکانیان بە شێوەیەکی شاراوە و نهێنی ماوەتەوە، غەیری خۆیان، خەڵکانی دی زۆر ئاگاداری ناوەڕۆکی بیروباوەڕیان نەبوون. هێشتا سەرجەم نووسین و کەلامەکانیان بە تەواوی چاپ نەکراوە و بە شێوەی دەستنووس لای هەندێک لە توێژەران و خەمخۆرانی زمان و ئەدەبی کوردی پارێزراون و هێشتا زۆریان ساغ نەکراونەتەوە.

لەم دوو سەدەیەی دواییدا بەشێک لە نووسین و بیروباوەڕ و مەراسیمەکانیان لەلایەن هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسان و توێژەرانەوە خرانە بەردەستی توێژەران و نووسەران. خودی پێڕەوانی ئایینەکەش بە نووسینی کتێب و پێشکەشکردنی توێژینەوە پەردەیان لەسەر هەندێک لایەنی تاریکی مێژوو و بیروباوەڕی ئەم ئایینە لادا. بەر لەوە، ئەوەی دەربارەی ئەم ئایینە گوترابێت دوور بووە لە وردبینیی زانستییەوە و هەندێک جاریش کینەی ئایینیی لە پشتەوە بووە. هەجووە بەناوبانگەکەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی بۆ کاکەییەکان یەکێکە لە دەرکەوتەکانی تێڕوانینی غەیرە کاکەیییەکان بۆ ئایینەکەیان، کە بەداخەوە پڕە لە هەڵە و چەواشەکاری و سنووربەزاندن؛ لە ڕووی زانستییشەوە هیچ بەهایەکی نییە جگە لە لایەنی هونەری و ڕەوانبێژی. ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە وەک خودی شێخ لە هەجووەکەدا دەری بڕیوە، مەبەستی لەم هەجووە تەنها بەدەستهێنانی پارە بووە. ئەمەش لەو بەیتانەدا ڕوون دەبێتەوە کە لەسەر زاری واعیزی کاکەییەکان دەڵێت:

 بمێنێ یا نەمێنێ چیی لەدەس دێ

بەتەنها شێخ ڕەزاکەی هەرزە گوفتار

ئەگەر مشتە و مشاریش بێ زمانی

عیلاج دەکرێ بە مشتێ پڕ لە دینار[1]

ئەوەی لەم وتارەدا کاری لەسەر کراوە، بریتییە لە هەوڵی خوێندنەوەی مێژوو و ڕەچەڵەکی بیروباوەڕی کاکەیی (یارسان) بە شێوەیەکی بێلایەنانە و دوور لە هەموو حوکمێکی پێش وەختە، بەو هیوایەی ببێتە سەرەتایەک بۆ هەوڵی جدیتر لە پێناو ناسین و ناساندنی تەواوەتیی ئەو ڕێبازە و بە چاپ گەیشتنی سەرجەم نووسینەکانی ئەو ئایینە.

 

مێژووی سەرهەڵدان

دیاریکردنی مێژووی سەرهەڵدانی ئایینی کاکەیی ئاسان نییە، چونکە وەک دەردەکەوێت، ئەم ئایینە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و پاشان پەرەی سەندووە و شێوەی ئێستای وەرگرتووە؛ بە گشتی هەریەک لە قۆناغەکانیش تایبەتمەندێتیی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە ڕوونی ناتوانرێت خاڵ لەسەر بڕگەیەکی مێژوویی دابنرێت و بە یەقینەوە وەک سەرەتای مێژووی کاکەیی بناسێنرێت.

یەکێک لە نووسەرانی پێڕەوی ئەم ئایینە بە ناوی (نوورعەلی ئیلاهی) سەرەتای مێژووی یارسان بۆ پەیمانی ئەلەستدەگێڕێتەوە.[2] بە گوێرەی قورئانی پیرۆز پەیمانی ئەلەست بریتییە لە پەیمانێک کە  بەر لە هاتنەدونیای تۆرەمەی ئادەم، خودا لەگەڵیاندا بەستوویەتی و خۆیانی کردووە بە شاهید بەسەر بەڵێنەکەی خۆیانەوە کە بریتیبووە لەوەی دانیان بە ڕبووبییەتی خودادا ناوە. وشەی ئەلەست کە لای ئەهلی تەسەووف شێوەی ناوی وەرگرتووە، لە بنەڕەتدا نیوە ڕستەیەکی پرسیارییە و بە شێوەی (ألست بربکم؟)ە.[3]

یەکێکی دی لە کتێبەکانی یارسان بە ناوی (تذکرة الاعلی) کە نووسەرەکەی دیار نییە، لە گێڕانەوەی چیرۆکی سەرەتای بەدیهاتنی بوونەوەردا باس لەوە دەکات کە بەدیهێنەر سەرەتا دوڕێکی ئافراندووە، پاشان بە پێنج شێوە وێنەی خۆیی تێدا نواندووە، پاشان قوربانی و ئاوی ئامادە کردووە. یەکێک لەو پێنج وێنەیە پاش وتنی نزای پیرۆزی "ئەوەڵ و ئاخر یار، یا حەق" قوربانییەکەی سەربڕیوە، لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا نوسخەی "ڕازی مەوێژە"[4] ئامادە دەکرێت.[5] ئەم ڕێوڕەسمانە کە تەواو تایبەتن بە پێڕەوانی یارسان، بە جۆرێک لە میتۆلۆژیای ئایینییاندا قووڵبووەتەوە کە گەیاندوویانەتە سەرەتای بوون. بێگومان ئەم جۆرە دەقانە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پەیڕەوانی ئایینەکە دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە مێژووی ئەم ئایینە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بەدیهاتنی بوونەوەر.

گومان لەوەدا نییە کە ئەم بۆچوونانە تەنها لای باوەڕدارانی ئایینەکە بەهەند وەردەگیرێن و لای توێژەران بەهای مێژووییان نییە.

سدیق بۆرەکەیی (صفی‌زاده) پێیوایە لە سەدەی دووەمی کۆچییەوە تا سەدەی حەوتەم و هەشتەم بیروباوەڕی یارسان لە سینەی باڵووڵی ماهی و یارانیدا بە نهێنی هەبووە و پارێزراوە، تا لە کۆتاییدا سان سەهاکی بەرزنجی (سلطان اسحاق) قانوون و بنەماکانی ئایینەکەی بە شێوەیەکی پوختە و دامەزراو بە پێڕەوانی ئایینەکە ڕاگەیاند.[6]

گێڕانەوەی مێژووی کاکەیی بۆ سەدەی دووی کۆچی بە ئاسانی ناسەلمێنرێت، چونکە بەڵگەی مێژووییی تەواو لەبەردەستدا نییە. ئەو گوزارشانەی لەبارەی باڵووڵی ماهییەوە لە کەڵامی کاکەییەکاندا هاتووە، هەروەها ئەو هۆنراوانەی کە دراونەتە پاڵی نابنە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی سەرەتای مێژووی ئەم ئایینە، چونکە جگە لە سەرچاوە کاکەییەکان کە بەزۆری زارەکین، هیچ بەڵگەیەکی دی نییە ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو کەسە هەڵگری بیروباوەڕی یارسانی بووە. مێژووی ئەو هۆنراوانەش کە دراونەتە پاڵی ڕوون نین و بەهۆی ئەوەی مێژووی نووسینی کوردی زۆر درێژ نییە، ناتوانرێت بەهۆی زانینی گۆڕانکارییە زمانەوانییەکانیشەوە بە وردی مێژووی ئەو هۆنراوانە دیاری بکرێت.

وا دەردەکەوێت مێژووی ئەم ئایینە دەکەوێتە پاش سەدەی حەوتەمی کۆچییەوە و پێدەچێت پلە بە پلە پەرەی سەندبێت. هیچ گومان لەوەدا نییە کە سان سەهاکی بەرزنجی (٦١٢ ک. م) ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پێکهاتنی ئەم ئایینەدا، بەڵام کامڵبوونی تەسەوفی ئیسلامی و گەیشتنە لووتکەی مشتومڕە کەلامییەکانی ڕێچکە شیعەکان و ئاوێتەبوونی تەشەیوع و تەسەوف لە هەندێک ڕێبازی وەک بەکتاشی، حرووفیدا، بەستێنێکی باش بوون بۆ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەم ڕێبازە. ئەگەر خودی سان سەهاکیش ڕاستەوخۆ لەژێر ئەو کاریگەرییانەدا نەبووبێت، بێگومان پێڕەوانی ئەو کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخە فیکرییەوە. بە دووریش نازانرێت پێڕەوانی یارسانیش کاریگەریی تایبەتی خۆیان لەسەر ئەو باروودۆخە هەبووبێت.

 

ڕامان لە بنەچەی ئایینی کاکەیی

لەبارەی بنەچەی ئایینی کاکەییەوە بیروڕای جۆراوجۆر هەیە، هەندێک لایان وایە ئەم ئایینە پاشماوەی بیروباوەڕی کۆنی کوردان، یان ئێرانییەکانە، هێندێکیش ڕەگی بەشێک لە بیروبۆچوونەکانیان دەگێڕنەوە بۆ ئایینی مەسیحی و یەهوودی، تەنانەت بوودایی و هندۆکی.

سدیق بۆرەکەیی لە کتێبی (دوره هفتوانه)دا هەوڵ دەدات هەندێک لێکچوون لە نێوان ئایینی یارسان و زەردەشتیدا بدۆزێتەوە و زاراوەی هەفتەن (حەوت تەن) لەگەڵ حەوت ئەمشاسپەندانی دینی زەردەشتدا بەراورد دەکات.[7]خاوەنی کتێبی (العلویون) پێیوایە لای هێندێک لە زانایانی موسوڵمان ڕێچکەکانی وەک بەکتاشی، نوسەیری، عەلەوی، کاکەیی، سەفەوی و ... باکگراوندی فارسییان هەیە و بە مەبەستی زیندووکردنەوەی کەلەپووری کۆنی ئێرانی و گەیشتنە دەستەڵات دامەزراون.[8] نووسەری ئێرانی دکتۆر زەڕینکووب کە توێژەر و شارەزای بواری تەسەوفی ئیسلامییە، پێیوایە وێڕای بوونی ڕەگەزی بیروباوەڕی غولاتی شیعە، نوسەیری و دەرۆزیلە ڕێبازی ئەهلی حەقدا، ڕەگەزی دینی جوولەکە، مەسیحی، مەجووسی و مانەوی و... لەم ئایینەدا دەبینرێت.[9]

ئەوەی کە ڕوونە لەم ئایینەدا کاریگەریی شیعەگەری و سۆفیگەری بەتەواوی دەردەکەوێت. لە ڕێچکە شیعەکاندا کاریگەریی شیعەی ئیسماعیلی لە زۆر شوێندا خۆی دەردەخات، بەڵام ڕێچکەی دوانزە ئیمامی، بەتایبەت ڕێبازی نوسەیری کە لە بنەڕەتدا دوانزە ئیمامین و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، ڕەنگی تۆخترە. ناساندنی ئەم ئایینە وەک لقێکی جودابووەوە لە شیعەی دوانزە ئیمامی کارێکی هێند قورس نییە و دەکرێت بەڵگەی بەهێز بۆ ئەم مەبەستە بخرێتە ڕوو، بەڵام سروشتی توێژینەوەی ئایینی بە جۆرێکە کە تەنها خستنەڕووی بەڵگە مێژووییەکان و ڕامان لە دۆگما ئایینییەکان بەس نین بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان دوو ئایین، یان دوو ئایینزا دیاری بکرێت. هەندێک ئایین بۆ نموونە ئیسلام، هەموو لادانێک لە ئەسڵی بیروباوەڕی بنەڕەتی، هەندێک جاریش لادانی فیقهی بە دەرچوون لە ئایینی ڕاستەقینە دادەنێت، بۆیە ڕێچکەیەک کە لە دامێنی ئەم جۆرە ئایینەشدا لەدایک بووبێت و گەشەی کردبێت، بەڵام لە چوارچێوە بنەڕەتییەکانی ئایینەکە دەرچووبێت ئیدی تەبەڕای لێدەکرێت و وەک ئایینێکی دەرەکی تێی دەڕوانرێت. بۆ نموونە پەیڕەوانی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی کە ناوی "کۆمەڵەی ئیسلامیی ئەحمەدی" بۆخۆیان بەکاردێنن، وێڕای باوەڕبوونیان بە قورئان و بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام و ڕەفتارکردن بە گوێرەی قورئان و سوننەت و مەزهەبی ئەهلی سوننە (بەتایبەت حەنەفی)، بەڵام بەهۆی ڕاڤەی جیاوازیانەوە بۆ بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی و بڕوابوونیان بە پێغەمبەرایەتیی میرزا غوڵام ئەحمەد، وەک تاقمێکی لادەر لە ئیسلام سەیر دەکرێن. لە لایەکی دیکەشەوە، پێڕەوانی هەندێک ئایینزا خۆیان ڕازی نابن ئایینزاکەیان بدرێتە پاڵ ئەسڵەکەی خۆی و حاشا لە ئەسڵی ئایینەکەی خۆیان دەکەن، وەک ئایینی بەهائی کە لقێکی بابییە و شیعەی دوانزە ئیمامییە و ئێستا وەک دینێکی سەربەخۆ لە شیعە جیابووەتەوە، هەروەها لقی بوهرە لە شیعەی ئیسماعیلی، کە زۆرجار حاشا لە موسوڵمانبوونی خۆیان دەکەن. ئەم هۆکارانە وا دەکەن، توێژەری ئایینی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پۆلێنی ئایینەکاندا بکات.

هەندێک لە پەیڕەوانی کاکەیی نەک هەر دان بەوەدا دەنێن کە موسوڵمانن، بەڵکو بەرگری لە موسوڵمانیی خۆیان دەکەن و بەرپەرچی ئەوانە دەدەنەوە کە وەک لادەر و بیدعەتکار تێیان دەڕوانن. نووسەرێکی وەک د. محەمەد عەلی سوڵتانی، بە جەختکردنەوەوە داکۆکی لەوە دەکات کە بیروباوەڕی یارسان لە ئیسلامی عەلەوییەوە سەرچاوە دەگرێت.[10] هەندێکی تریشیان بە توندی ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە بە موسوڵمان هەژمار بکرێن. لە هەندێک بڕگەی دەقە پیرۆزەکانی یارساندا ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە ئایینەکەیان بریتییە لە ئایینی ئیسلام، بەڵام ئایینی خەڵکی ڕەشۆکی نییە، بەڵکو هی ئیماندارانی هەرەتایبەتە (خاص الخاص). لە هەندێک بڕگەشدا جیاوازی دەخرێتە نێوان موسوڵمانان و ئەهلی حەقەوە.

پێڕەوانی ئەم ئایینە بە گشتی باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتیی حەزرەتی موحەممەد (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و خاتەمییەتی هەیە، بڕوایان بە ئیمامەتی دوانزە ئیمام هەیە کە یەکەمیان ئیمامی عەلی و دواهەمینیان مەهدییە کە کوڕی ئیمام حەسەنی عەسکەرییە. بڕوایان وایە ئەم ئیمامە ئێستا غائیبە و لە ئاخیر زەماندا دەردەکەوێت و دونیا پڕ دەکات لە دادپەروەری. پێیانوایە ئیسلام چوار ڕوکنی هەیە: شەریعەت، تەریقەت، مەعریفەت و حەقیقەت. هەرکەسێک ئەو چوارەی هەبێت بە موسوڵمان هەژمار دەکرێت و لەسەر دینی ڕاستەقینەیە کە دینی ئیسلامە و لە ئادەمەوە تا خاتەم تاکە دینی حەقە و هەرگیز نەسخ نابێتەوە. ئەوان پێیانوایە ئیسلام وەک بادامێک وایە کە شەریعەت توێکڵەکەیەتی و حەقیقەت کاکڵەکەی.[11]

بە گوێرەی کتێبی (حق الحقائق) قورئان لە بنەڕەتدا کە نازڵ بووە سی و دوو جزم بووە، سی جزمی قورئان بریتییە لە شەریعەت (توێکڵ)ی ئیسلام و دوو جزمەکەی تر بریتییە لە حەقیقەت (کاکڵ)ی ئیسلام. ئەو دوو جزمەی تر پێێ دەگوترێت "ڕازی مەوێژە" یاخود فورقان و بە نهێنی لە نێوان دوانزە ئیمامەکەدا دەستاودەستی کردووە تا گەیشتووە بە دەستی ئیمام مەهدی، ئیمامی مەهدی کاتێک کە دەرکەوت ئەو دوو جزمەی قورئان بە زمانی کوردی بۆ مرۆڤایەتی بەیان دەکات.[12]

پێوەندیی ئەم ڕێبازە و بزووتنەوەی شیعە شتێک نییە حاشای لێ بکرێت، بەڵگەی سەلماندنی پێوەندیی شیعە و ئەم ڕێبازە هێندە زۆرن کە دەتوانرێت بەهۆیەوە شیعەبوونی ئەم گرووپە بسەلمێنرێت. لە نووسراوەکانی یارساندا گەورە پیاوانی ئەسحابە وەک ئەبووبەکری سدیق، عومەری کوڕی خەتاب، عوسمانی کوڕی عەفان، بە شێوەیەکی خراپ باس دەکرێن، لە هەندێک شوێندا بە ئاشکرا باسی داگیرکردنی خەلافەت دەکەن لەلایەن ئەوانەوە، ئەمەش ڕوویەکی شیعەگەریی ئەم ڕێبازە دەردەخات.

لەوەدا کە بڕوایان بە هەمان دوانزە ئیمام هەیە، کە شیعەی دوانزە ئیمامی باوەڕیان پێیانە پێوەندیی نێوان ئەم ڕێبازە و شیعەی دوانزە ئیمامی زۆر ڕوونە، بەڵام هەندێک بابەت ئەم ڕێبازە و شیعەی دوانزە ئیمامی لێکجیادەکاتەوە وەک: پابەندنەبوون بە ڕواڵەتی شەریعەتەوە، دۆنادۆن، باوەڕبوون بە ئولووهییەتی حەزرەتی عەلی، باوەڕبوون بە شاخوشێن و سان سەهاک و ... وەک تەجەللیی دووبارەی حەزرەتی عەلی یاخود خودا و زۆر بابەتی تری لەم شێوەیە.

لە هەندێک خاڵدا هاوشێوەی شیعەی ئیسماعیلین. بۆ نموونە بڕوایان بە حەوت چاخ هەیە کە تێیدا خودا بە حەوت شێوەی جیاواز خۆی دەرخستووە و سەرەتای هەر چاخێک بە تەجەللایەکی خودا دەستپێدەکات. لای ئیسماعیلییەکان دونیا حەوت چاخی هەیە و سەرەتای هەر چاخێک بە هاتنی ناتق (رسول)ێک دەستپێدەکات، کە شەریعەتێک دەهێنێت و شەریعەتی پێش خۆی نەسخ دەکاتەوە. بە هاتنی ناتقی حەوتەم شەریعەتەکانی پێشوو هەمووی بەتاڵ دەبێتەوە و ناوەڕۆکی شەریعەت ئاشکرا دەکرێت، تا هێدی هێدی ناتقی حەوتەم قیامەت بەرپادەکات. هەروەها جەختکردنەوەی زیاد لەسەر ڕازی شەریعەت کە لای ئیسماعیلییەکان دەبێ لەلایەن ئیمامی مەعسوومەوە تەئویل بکرێت و لای کاکەییەکان ڕازێکە کە نابێت بگوترێت، یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئەو دوو ڕێبازە تێیدا وێک دەچن.

شوێنپێی تەسەووف بە ڕوونی لە ئایینی کاکەییدا دیارە، زۆربەی ئەو خاڵانەی کە ئەو ڕێبازە لە ئایینزا ئیسلامییەکان جیا دەکاتەوە، بە هۆی بیروباوەڕی عیرفانییەوە قابیلی تەئویلن و دەکرێت داکۆکییان لێ بکرێت. هاوبەشییەکی یەکجار زۆر لە نێوان میتۆلۆژیای کاکەیی و تەسەوفی ئیسلامیدا هەیە. ئەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی کە لە نووسراوەکانی ئەهلی حەقدا سەبارەت بە سەرەتای بەدیهاتنی بوونەوەر بەرچاو دەکەون، هاوشێوەیان، یاخود خودی ئەو چیرۆکانە لە کەلەپووری نووسواوی ئەهلی تەسەوفدا یەکجار زۆرن. دەستپێکردنی چیرۆکی سەرەتای بەدیهاتن لە کتێبی (تذکرة الاعلی) دا وەبیرخەرەوەی هەمان چیرۆکە کە لە کتێبی سۆفییانەی (مرصاد العباد)ی نەجمەدینی ڕازیدا هاتووە. بوونی ناوی گەورە پیاوانی تەسەوف وەک جونەیدی بەغدادی، حەسەنی بەسری، ئیبراهیمی ئەدهەم، ئەبولحەسەنی خەرەقانی، عەبدولقادری گەیلانی و... و ڕێزگرتن لێیان لە کتێبی یارسانەکاندا، پێوەندیی ئەم ڕێبازە بە تەسەوفەوە ئاشکرا دەکات. لەکاتێکدا ئەو گەورە پیاوانەی تەسەوف، لەسەر مەزهەبی سوننین. بوونی چەندین زاراوەی سۆفییانە لەلای ئەهلی حەق و هاوشێوەییی زۆربەی ئاداب و سرووتەکانیان لەگەڵ ڕێچکەکانی تەسەوفدا نیشانەیەکی تری پێوەندیی ئەم ڕێبازە و تەسەوفە.

 

تەوحید لە بیروباوەڕی کاکەییدا

بەو پێیەی لای هەندێک لە خەڵکی، بەتایبەت لە ئێران، پێڕەوانی ئەم ئایینە بە عەلی ئیلاهی ناو دەنرێن، لە نووسراوەکانی خۆیشیاندا ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە پلەی ئولووهییەت دەدەنە ئیمامی عەلی، جێی خۆیەتی توێژینەوە لەسەر تەوحید و شیرک لەم دینەدا بکرێت.

بابەتی بەخودازانینی ئیمامی عەلی و سان سەهاک لە نێو پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە و نووسراوەکانیاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. هەندێک جار بە شێوەی کینایی و هەندێک جاریش بە ڕاشکاوی دان بە ئەم بابەتەدا دەنێن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە نووسەران و توێژەرانی پێڕەوی یارسان لە هەوڵی ئەوەدان کە پێڕەوانی ئەم ئایینە لەژێر چەتری تەوحیددا کۆ بکەنەوە و بابەتی بەخودازانینی ئیمامی عەلی وەک تۆمەتێک سەیر دەکەن کە بۆ پێڕەوانی ئەم ئایینە هەڵبەستراوە.[13] د. محەمەد عەلی سوڵتانی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە پێڕەوانی ئەم ئایینە ئیمامی عەلی بە خودا نازانن، کەلامێکی سان سەهاکی بەرزنجی سەبارەت بە ئیمامی عەلی دەکات بە بەڵگە کە ڕوو لە عابدین گوتوویەتی:

عابدین! لە دایە و بابێ

لایلایەی بۆ کرابێ

لە بێشکەی نرابێ

ئەو خودا چلۆن خودا بێ؟[14]

وێڕای ئەوەش، هەوڵی ئەوە دەدات کە بەرگی تەئویلی سۆفییانە بکات بە بەری بابەتەکەدا، بەوەی خودا لە حەزرەتی عەلیدا تەجەللیی کردووە. بەڵام کەلام و دەفتەرەکانی یارسان بە جۆرێک لەم بابەتە دواون کە بە ئاسانی ئەو تەئویلانە لە هەموو شوێنێکدا ڕاست دەرنەچن.

زاراوەی شیرک و تەوحید، هەروەها موشریک و مووەحید دوو زاراوەی باو نین لە پەرتووکەکانی ئەم ئایینەدا. هەندێک جار وشەی شیرک و موشریک وەک بێدینی و بێدین بەکار هاتوون.[15] وێڕای ئەمانە لە زۆر شوێندا جەخت لە یەکتاییی خودا دەکرێتەوە و زاتی خودا بە تاک و تەنها دادەنێن، هەروەها لە زۆر شوێندا خودا بەم ناوانە ناو دەبەن: ئەحەد، خودای واحید، خودای تاک، زاتی ئەحەد، پادشای واحید، زاتی یەکتا، لاشەریک و تاد... هەروەها بەهۆی باوەڕبوونیان بەوەی خودا لە بوونەوەردا تەجەللی دەکات، پێیانوایە زۆر جار خودا لە بوونەوەردا تەجەللیی خۆی دەرخستووە و پاش غایببوونی ئەو تەجەللییانە، خودا خۆی بە تاک و تەنهایی لە جیهانی باتیندا ماوەتەوە.[16]

لە نووسراوەکانیاندا زۆر شت سەبارەت بە تەجەللی، یان حلوولی زاتی خودا لە ئیمامی عەلیدا نووسراوە. پەرتووکی (تذکرة الاعلی) لە باسی سەرەتای بەدیهاتندا، بە شێوەیەکی تەمومژاوی باسی زاتێک دەکات کە لە قەڵەمڕەوی ناشوێن (لامکان)دا بەرماڵی لەسەر ئاو گەڕاوە، پاش ئەوەی جوبرەئیل لێی دەپرسێت تۆ کێیت، بە تووڕەییەوە تێی دەڕوانێت و بەو تێڕوانینە پەڕوباڵی دەسووتێنێت، پاش هەزاران ساڵ لێی خۆش دەبێت و پێی دەڵێت: ئەگەر خودا لێی پرسییت تۆ کێیت و من کێم، بڵێ: تۆ خودای جەلیلیت و منیش بەندەت جوبرەئیلم، پاشان جوبرەئیل لێی دەپرسێ تۆ کێیت؟ ئەویش دەڵێ جگە لە خودا کەسی دی هیچ لەبارەی زاتی منەوە نازانێت.[17] لە درێژەی باسی بوونەوەردا دێتە سەر باسی میعراجی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای له‌سه‌ر بێت). بە گوێرەی کتێبەکە، پێغەمبەر لە ئاسمانەکان گوێی لە دەنگی ئیمامی عەلی دەبێت و هەزاران کەس دەبینێت کە بە ڕیز وەستاون و هەموویان شێوەی ئیمامی عەلییان هەیە، تا لە دوایین قۆناغدا کە لەگەڵ خودادا گفتوگۆ دەکات، ئەو دەنگەی لەگەڵی دەدوێت دەنگی عەلییە. پاش گەڕانەوەی پێغەمبەر (د. خ.) بە ئیمامی عەلیی وت: من هەرچیم بینی هەر تۆ بوویت، ئیمامی عەلی هەرچی لە سەفەری میعراجدا ڕوویدابوو بۆ پێغەمبەری گێڕایەوە و پاشان پێی ڕاگەیاند کە ئەمە دەبێت ڕازی نەگوتراو بێت و "ڕازی مەوێژە" لەلایەن پێغەمبەر و ئیمامەوە تایبەت کرا بە ئەهلی حەق و حەقیقەت.[18]

ئەم بابەتانە بە ڕوونی بۆنی حلوولیان لێ دێت، هەروەها لای موسوڵمانانی سوننی مەزهەب بە شیرک هەژمار دەکرێن و لەگەڵ ڕواڵەتی قورئانیشدا یەک ناگرنەوە، بەڵام پێڕەوانی ئایینەکە خۆیان و ئایینەکەیان لە شیرک بەدوور دەزانن.

 

دۆنادۆن

بۆ تێگەیشتن لە بابەتی حلوول، یان تەجەللیی خودا لە بەشەردا پێویستە ئاگاداری عەقیدەی دۆنادۆن بین کە لای هەندێک لە توێژەران بە تەناسوخ ناوبراوە و پێڕەوانی ئایینەکەش ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە بڕوایان بە تەناسوخ هەبێت. دۆنادۆن وەک دەردەکەوێت لە وشەی (دۆن)ی تورکییەوە وەرگیراوە، بە گوێرەی وتەی نوورعەلی ئیلاهی ئەو وشەیە بە واتەی جلک و بەرگ دێت.[19]د. محەمەد عەلی سوڵتانی پێیوایە وشەکە بە واتای خولخواردن دێت.[20] بە گوێرەی ئەم بیروباوەڕە، ڕووح لە بەرگێکەوە دەچێتە بەرگێکی ترەوە، بەرگ بریتییە لە جەستەی ماددی. ئەم بۆچوونە لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەیە و بە تەناسوخ ناودەبرێت. پێڕەوانی یارسان وای دەبینن کە دۆنادۆن جیاوازە لە تەناسوخ، چونکە دۆنادۆن بریتییە لە خولانەوەی ڕووح لە مەنزڵێکەوە، یان بەرگێکی بە ئەمانەت وەرگیراوەوە بۆ مەنزڵ یان بەرگێکی تر. ئەم جووڵەیە سەرەتا و کۆتاییی هەیە، بەڵام تەناسوخ بریتییە لە جووڵەی ڕووح لەسەر هێڵێکی ڕاست، کە هیچ بەرزبوونەوەیەکی تێدا نییە بەرەو سەرچاوەی ئەزەلی.[21]

بە گوێرەی ڕاڤەی سان سەهاک بۆ ئایەتی {تَعْرُجُالْمَلَائِكَةُوَالرُّوحُإِلَيْهِفِييَوْمٍكَانَمِقْدَارُهُخَمْسِينَأَلْفَسَنَةٍ} [المعارج: 4] ڕووح لە گەشتێکی پەنجا هەزار ساڵیدا شیاوێتیی ئەوە وەردەگرێت کە ناوە جوانەکانی خودا دەرک بکات و بگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی.[22] وادیارە ئەو گەشتە پەنجا هەزار ساڵییە پێویستی بە گۆڕینی هەزاران جەستە هەیە تا تەواو دەبێت.

بە ڕوونبوونەوەی ئەم بیروباوەڕە دەتوانین باشتر لە بابەتی بە خودازانینی ئیمامی عەلی و سان سەهاک و ... تێ بگەین. لە بیروباوەڕی یارساندا خودا لە حەوت دەورەدا و بە حەوت شێوە خۆی دەرخستووە و بەرجەستە بووە. بە جۆرێک دەڕواننە بەرجەستەبوونی خودا لە شێوەیەکەوە بۆ شێوەیەکی دی، وەک گۆڕینی جلک و داکەندنی پۆشاکێک و لەبەرکردنی بەرگێکی تر. پێیان وایە خودا سەرەتا لەناو دوڕێکدا بووە، پاشان جاری یەکەم بە شێوەی خاوەندگار دەرکەوتووە، دووەم جار لە ئیمامی عەلیدا دەرکەوتووە، بەم شێوەیە بەردەوام بووە تا حەوتەم جار لە خان ئاتەشدا بەرجەستە بووە.[23]

لە مێژووی تەسەوفی ئیسلامیدا هەندێک بیروبۆچوون هەیە کە تەجەللیی خودا لە بوونەوەردا پشتڕاست دەکاتەوە. گەورە سۆفیی موسوڵمان ئیبن عەرەبی هەموو بوونەوەر بە تەجەللیی خودا دەزانێت و ڕواڵەتی بوونەوەر بە باتینی حەق و باتینی بوونەوەر بە ڕواڵەتی حەق دەزانێت و دەڵێت: "بەهۆی نەفەسی [ڕەحمان]ەوە هەموو بوونەوەر هاتووەتە بوون و نەفەسی [ڕەحمان] بوونەوەری ئاشکرا کردووە کە [ئەو بوونەوەرە] باتینی حەق و ڕواڵەتی خەلقە، بۆیە باتینی حەق رواڵەتی خەلقە و باتینی حەق ڕواڵەتی حەقە و بە کۆی هەردووکیان بوونەوەر دێتە بوون و بە چاوپۆشین لە یەکێکیان [جیاوازیی نێوانیان دەردەکەوێت و پێیان] دەگوترێت حەق و خەلق."[24] بە سەرنجدان لە باوەڕی تەجەللیی ئیلاهی ڕەنگە بتوانین ڕیشەیەک بۆ دۆنادۆنی کاکەییەکان بدۆزینەوە لە کەلەپووری فیکری ئیسلامیدا بەبێ ئەوەی پێویست بکات ناچار ببین ئەو بیروبۆچوونەی کاکەییەکان بدەینە پاڵ ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەڵکو لە دامێنی کەلەپووری فیکریی ئیسلامیدا شتی هاوشێوەمان هەیە و گریمانەی وەرگرتنی ئەو بۆچوونانە لە تەسەوفی ئیسلامی عەقڵانیتر و واقعیترە. بێگومان دەبێت ئەوەش بڵێین کە هیچکام لە ڕێچکەکانی تەسەوفی ئیسلامی بە ڕادەی کاکەییەکان بە ڕاشکاوی باسی جێگۆڕکێ و جلگۆڕکێی ڕووحیان نەکردووە. دەکرێت دۆنادۆنی کاکەییەکان بە شێوەی پەرەسەندووی بیروبۆچوونی تەجەللیی خودا لە بوونەوەردا لێک بدرێتەوە کە سەرەتا بە شێوەی حەوت تەجەللیی ئیلاهی لە بیروباوەڕیاندا جێگیر بووبێت، پاشان بەهۆی ئەوەی زاتی موتەجەللی لە هەر حەوت حاڵەتەکەدا یەکێکە، بەڵام حەوت ڕواڵەت یان دۆنی جیاوازی گۆڕیوە، بیرۆکەکە پەرەی سەندبێت بۆ دۆنادۆن، پاشان دۆنادۆن وەک قانوونێکی گشتگیر بەسەر هەموو تاکێکدا ڕەوا بینرابێت.

 

پێغەمبەرایەتی

پێڕەوانی ئایینی کاکەیی بڕوایان بە پێغەمبەرایەتی هەیە و دان بە پێغەمبەرایەتیی حەزرەتی محەممەددا (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) دەنێن. چیرۆکی پێغەمبەران و ناوی پێغەمبەران هەمان ئەو ناو و بەسەرهاتانەیە کە لە دینە ئیبراهیمییەکاندا هاتووە و باس کراوە. داستانی ئادەم و حەوا، نووح و ئیبراهیم، عیسا و مووسا و پێغەمبەرانی دی، بە شێوەیەکی هاوشێوەی دینە ئیبراهیمییەکان باس کراوە. هەندێک جیاوازی کە لە وردەکاریی ئەو داستانانەدا دێنە بەرچاو، شتێکی نامۆ نین، چونکە لای ئەهلی تەسەوفیش ئەو جیاوازییانە لە داستانی پێغەمبەراندا بەرچاو دەکەون. لە کتێبی (برهان الحق)دا نوورعەلی ئیلاهی بنەماکانی دینی یارسان بە پێنج بنەما دەناسێنێت کە هەمان بنەماکانی شیعەی دوازدە ئیمامین، ئەوانیش بریتین لە: تەوحید، دادپەروەری، پێغەمبەرایەتی، ئیمامەت و زیندووبوونەوە.[25]

 

ئەنجام

لە کۆتاییدا و پاش تێڕامان لە مێژوو و بیروباوەڕی ئایینی کاکەیی (یارسان)،دەکرێت ئەم خاڵانە لەسەر ئەو ئایینە بگوترێت:

١. ئایینی کاکەیی ڕێچکەیەکی تەسەوف بوون کە بە شیعەی دوانزە ئیمامی کاریگەر بوون و چوونەتە سەر ڕێبازی دوانزە ئیمامی، بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە کە سەرەتا لەگەڵ نوسەیرییەکاندا یەک ڕێباز بووبن.

٢. جێبوونەوەی ئەو ئایینە لە ئیسلامدا یان جیابوونەوەی لە ئیسلام پێوەندیی بە خودی باوەڕدارانی ئایینەکەوە هەیە و غەیری خۆیان کەس ناتوانێت ناسنامەی ئایینییان دیاری بکات، بەڵام توێژەری ئایینی ئازادە لەوەی بە گوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکەی مێژوو و ڕەچەڵەکی ئایینەکەیان دیاری بکات، هەرچەند لەگەڵ بۆچوونی باوەڕدارانی ئایینەکەشدا یەک نەگرێتەوە.

٣. ئەو لێکچوونانەی کە لە نێوان ئەم ئایینە و ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەیە نابنە بەڵگەی کۆنێتیی ئەم ئایینە، بەڵکو وەک باس کرا، دەگونجێت لە هەناوی کەلەپووری فیکریی ئیسلامیدا ڕەگ و ڕیشەی ئەو بۆچوونانە بدۆزرێنەوە.

 

سەرچاوە و په‌راوێز:

[1]. موکەڕڕەم تاڵەبانی، شێخ رەزای تاڵەبانی ( ژیانی، پەروەردەی، بیروباوەڕی و شیعری)، ٢٠٠١، ئاراس، هەولێر.لا ١١٨

[2]نورعلی الهی،برهان الحق، ١٣٧٣، چاپ هشتم، انتشارات جیحون، تهران.ص ١٧.

[3]. ئایەتەکە دەفەرموێت:

(وَإِذْأَخَذَرَبُّكَمِنْبَنِيآدَمَمِنْظُهُورِهِمْذُرِّيَّتَهُمْوَأَشْهَدَهُمْعَلَىأَنْفُسِهِمْأَلَسْتُبِرَبِّكُمْقَالُوابَلَىشَهِدْنَاأَنْتَقُولُوايَوْمَالْقِيَامَةِإِنَّاكُنَّاعَنْهَذَاغَافِلِينَ)الأعراف: 172

[4]. ڕازی مەوێژە (سر مگو) زاراوەیەکی تایبەت بە ئاینی یارسانە. پێڕەوانی ئەم ئاینە پێیان وایە خودای گەورە قورئانی بە سی و دوو جزم بۆ پێغەمبەر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) نازڵ کردووە، سی جزمیان بریتییە لە شەریعەت، ئەم سی جزمە ئەوەیە کە ئێستا لەبەر دەستدایە، دوو جزمەکەی تر بە نهێنی لای دوانزە ئیمام دەستاودەست دەکات و بە زمانی کوردییە. ئەم دوو جزمە ناوی فورقان  یان ڕازی مەوێژەیە و دەبێت بە نهێنی بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئیمامی مەهدی بە زمانی کوردی بۆ خەڵکی بەیان دەکات. کاکەییەکان پێیان وایە ئەم دووه‌ حەقیقەتی دینە و شەریعەت توێکڵیەتی.

[5]. ؟، تذکرة الاعلی، باصلاح و. ایوانف، ١٩٦٠م، انتشارات انجمن اسماعیلی، تهران. ص ٥،

[6]صدیق صفی زادە، دوره هفتوانه، ١٩٨٢م، انتشارات کتابخانه طهوری، تهران.ص ٢٥

[7]. صدیق صفی زادە، دوره هفتوانه، ص ٢٣

[8]. ابراهیم الداقوقی، العلویون، ٢٠١٠م، دار آراس للطباعة والنشر، اربیل، ص ٢٧٠

[9]. عبدالحسین زرینکوب، ارزش میراث صوفیه، ١٣٨٢، چاپ یازدهم، انتشارات امیر کبیر، تهران.ص ٩٧.

[10]. محەمەد عەلی سوڵتانی، بنەوای باوەڕی یارسان، ٢٠١٠، ئاراس، هەولێر.لا ١٤

[11]. حاج نعمت الله جیحون آبادی، حق الحقائق (شاهنامه حقیقت)، ١٩٨٢م، انتشارات کتابخانه طهوری، تهران.ص ٢٠

[12]. هەمان سەرچاوە، لا ٢٠١- ٢٠٢، بەیتەکانی ٣٨٣٤تا ٣٨٤١

[13]. بڕوانە: نورعلی الهی، برهان الحق، ص ١٧٧

[14]. محەمەد عەلی سوڵتانی، بنەوای باوەڕی یارسان، لا ٣١

[15]. بڕوانە: حق الحقائق، بەیتەکانی ٧٥٥١، ٧٦٨٨، ٨٦١٧

[16]. بڕوانە: تذکرة الاعلی، ص ٥- ٦

[17]. هەمان سەرچاوە، لا ١٠

[18]. هەمان سەرچاوە، لا ١٦- ٢١

[19].  برهان الحق، ص ١٧٣

[20]. بنەوای باوەڕی یارسان، لا ٤٥

[21]. هەمان لاپەڕە

[22]. هەمان سەرچاوە، لا، ٤٥- ٤٦

[23].  حسن خمینی، فرهنگ جامع فرق اسلامی، ١٣٩٠، چاپ دوم، انتشارات اطلاعات، تهران.ج١ ص ٢١٢

[24]. محی الدین ابن عربی، الفتوحات المکیة، (المکتبة الشاملة)، ج ٤، ص ٩٣. دەقەکەی ئیبن عەرەبی دەڵێت:  (فبالنفسكانالعالمكلهمتنفساًوالنفسأظهرهوهوللحقباطنوللخلقظاهرفباطنالحقظاهرالخلقوباطنالخلقظاهرالحقوبالمجموعتحققالكونوبتركالمجموعقيلحقوخلق)

[25]. برهان الحق، ص ٢٠

 

 

ورود به سایت

googlefacebook

This Browser is not good enough to show HTML5 canvas. Switch to a better browser (Chrome, Firefox, IE9, Safari etc) to view the contect of this module properly

Real Time Web Analytics Clicky


برای حمایت از ما امتیاز دهید
یارسان در راستای اعتلای فرهنگ یاری GNU/GPL کار می کند.