یارسان

« دين حقيقت و بينش ياري يك تفكر ايلياتي و عشيره‌اي نيست كه براي محاسبات آن راهكاري سنتي بدون دخيل دادن علم و هر آنچه كه در حوزه‌ي نظامنديِ كائنات تعريف دارد در نظر گرفته شود. در واقع هر چقدر كه اشراق و مفاهيم يك تفكر بالاتر باشد، مباحث و گفتمان مربوط به آن نيز تخصصي‌تر و مشكل‌تر مي نماياند. پس ما نمي‌بايست كه مفاهيم را به اندازه‌ي وجود خود پائين بكشيم تا كه به گونه‌اي گردد كه هيچگاه عزم جزم براي بالا كشيدن و سعي براي فهميدن در خود پيدا نكنيم.»

 

 

 

 

نوشته شده توسط فەرەیدون سامان دسته: مطالب
نمایش از 07 بهمن 1398 بازدید: 233

شەبەک لە یارسانەوە بۆ شیعایەتی

فەرەیدون سامان

پوختەی توێژینەوە:

شەبەک یەکێکن لەو گرووپە ئیتنیکیە کوردییانەی کە لە دێرزەماندا لەسەر خاکی کوردستان ژیاون و خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، زارەکەیان سەر بە دیالەکتیکی گۆرانە و دەچێتەوە سەر زمانی کوردییەوە، بەڵام سەبارەت بە چەند هۆکارێکی جوگرافی و ئایینی و فشاری نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر دووچآری ئاسمیلە و جینۆسایدی کولتووری هاتوون، وێڕای لە دەستدانی هەندێک لە داب و نەریتی رەسەنی خۆیان شێوەزارەکەشیان کەوتەوتۆتە ژێر باندۆری زمانی نەتەوەکانی دراوسێیان بەتایبەت زمانئ عەرەبی کە زمانی ئایینی نەتەوە مسوڵمانەکان و تارادەیەکیش تورکمانی یان تورکی کە زمانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەکان بووە، لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکارییانەش بەڵام بە پێی بەڵگەنامەو سەرچاوە مێژووییەکان ئایینی رەسەنی شەبەک خۆیان لە بنەڕەتدا یارسان بووە لە دەست داوە و دواتر لە چەند قۆناغ و سەردەمێکی جیاوازدا چوونەتە سەر ئایینزای شیعەی دوانزە ئیمامی. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین ئاماژەیەک بە زمان [شێوەزار] و مێژووی دابەشبوونی دانیشتوان و ناوچەکانیان وبیروباوەری ئایینیان و پێکهاتەی تیرە وهۆزەکانیان بکەین، هەروەها ئەو ئامارە فەرمییانەی کە لەسەر دانیشتوانی شەبەک و دەڤەرەکەیان ئەنجامدراون، دواجاریش ئاماژەیەک بە سیاسەتی بە عەرەبکردن و راگواستنیان لە دەڤەرەکانی خۆیان بۆ دەڤەرە عەرەبنشنینەکانی باشووری عیراق و هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەیەک بکەین کۆمەڵکوژی شەبەکەکان و جینۆسایدی کولتووریان لە قەدەغەکردنی زمان و کولتووریان لەبوارەکانی پەروەردەو خویندن و فێرکردندا، کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی توێژینەوەکەمانە، شەبەکەکان سەرباری سیاسەتی رەگەزپەرستانەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق، لە سیاسەتی راگواستن و بە عەرەبکردنیان و بەشێوازی جۆراوجۆر جینۆسیادکردنی کولتوریاندا، بەڵام هێشتا پێکهاتەیەکی ئیتنیکی کۆمەڵگای کوردستان پێکدەهێنن.

پێشەکی:

گەلی کوردستان لە چەندان گرووپی ئیتنیکی جیاواز پێکهاتوون، کە لە رووی ئایین و ئایینزاوە هەندێجاریش لەرووی ناوچە و دەڤەر و شێوەزارەوە لە یەکتر جیا دەکرێنەوە، لەوانەش شەبەک و هەورامی، زازاکی، لەک ، لور، کەلهوڕ، کرمانجی باکور و باشور، کە لە بنەڕەتدا هەر هەموویان لە رووی ئیتنیکی و زمانییەوە، هەروەها هەستی نەتەوەییەوە خەڵکی رەسەن و دانیشتووی کوردستانن و بۆ گەلی کوردستان دەگەڕێنەوە، وێڕای ئەم گرووپە ئیتنیکیە کوردانە. چەندان گرووپی دیکەی ناکوردیش هەن کە خەڵکی ناوچەکەن و لە دێڕزەمانەوە لە کوردستان نیشتەجێن لەوانە [جوو، بەهایی، کلدان وئاشوور، ئەرمەن، تورکمان و عەرەب]. سەرباری ئەو جیاوازیانەش کە لەنێوانیاندا هەیانە بەوە ناسراون کە چەندان کۆمەڵەی جیاوازی ئیتنیکی ئایینی و نەتەوەیی لە رەچەڵەک و رەگەز و و کولتوری جیاوازیان تێدایە، کە هۆکارە سەرەکیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کوردستانی کۆندا فرەیی کولتووری هەبووە و چەندان شارستانیەت و ژیاری جیاواز لە فرە پێکهاتەکان دامەزراوە، کە ئەویش پتر بە شارستانیەتی میسۆپۆتامیا ناسراوە، سەرەرای پێکەوە ژیانی ئەو پێکهاتە و گرووپانە لە درێژایی مێژوودا، بەڵام دەبینین جارجار سەبارەت بە ئامانجی هۆکاری ئابوری و ئایینی و ئایینزایی جیاواز دووچاری شەڕ و داگیرکاری و پاکتاوی نەژادی هاتوون، چی لە نێوخۆیاندا چی لە پەلامارو هێرشە گەورەکانی ئیمپراتۆرەکانی وەک ئاشوور و بابل و یۆنان و هەخامەنشی و دواتریش ئیمپراتۆریەتی عەرەبی ئیسلامی وتورکە عۆسمانیەکان و سەفەویەکاندا بەرجەستە دەبن، چۆن ئەو کەمینە ئایینی و نەتەوەییانە هەر لە دێریندا تا دەگاتە سەردەمی نوێ دووچاری کۆمەڵکوژیی [جینۆساید] هاتوون، لەوانەش کۆمەڵکوژی ، فەیلیەکان، بارزانییەکان و گەرمیانەکان دواتریش جینۆسایدی ئیزیدییەکان لە شنگال و شەبەک، [کاکەیی- یارسانەکان ] لەدەشتی نەینەوادا دوا پەڵەی تاوانی شەرمەزاری بوو بە نێوچەوانی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش.

ئاوردانەوەیەک بۆ رابردوو- شەبەک لە بنەچەدا سەر بە ئۆلی یارسان بوون:

ئۆلی یارسان بە کاکەیی، ئەھلی حەق یان عەلی ئیلاهی دەگوترێت، گروپێکی تایبەتن ھەڵگری بیروباوەڕی ئاینی جیاوازن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون بە تایبەت لە دەڤەرەکانی کرماشان وئیلام و لورستان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە باشووریش لە گەرمیان و دەشتی نەینەوادا. کاکەیی دانیشتووی کەرکووک و لێواری زێی نێوان ھەولێر- مووسڵ و شەبەک ئەمانە ھەموو بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئاینی دەگەنەوە یەکتر. شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی ئەھلی حەق [یارسان] لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاریی بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری پێداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، جا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران. بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی "یارسولتان"ە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە [بە فارسی: سلطان اسحاق]، ھەرچەند بوونی ئاینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میتراییەکان [٤٠٠٠ - ٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر] بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئاینەکە دادەنرێت. کە رێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. یاخود یارستان بە واتای شوێنی یار یا مریدانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانی [٩٣٧ – ١٠١٠]ز لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نوسراەوەکانی لە سەرەنجام کە بەدی دەکرێت کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە.]

ئایینی یارسان بە چەند گەڕێکی [سەردەم] دا رویشتووە، پەیڕەوانی ئایینەکە ماوەی ھەرگەڕێک بە ٣٠٠ ساڵ دەخمڵێنن بەپێی سەرەنجام. ھەتاوەکو سەردەمی سوڵتان سەھاک ئاینی یارسان ھەشت گەڕی بەخۆەوە بینێوە، کەواتا تەمەنی ئەم ئایینە بە لای کەمەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە..

بالولی دانا [کەسایەتیەکی یارسانیە لە سەدەی ١-٢ی کۆچی دەژیا]، لەوسەردەمە باس لە زیندوکردنەوەی ئاینی یارسان دەکات، دەفەرمووێ:

ئەی ئەو واتەی یاران، ئەو واتەی یاران

ئێمە دێوانەی ئەو واتەی یاران

ھەنێ مەگێڵین یەک یەک لە شاران

تا زندە کەرین ئاینی یاران [کەسانێک دەست کاریان کردوە بۆ مەبەستی سیاسی وتوویان: تا زندە کەرین ئاینی ئێران.

کەواتا ئاینی یاران زۆر لەسەردەمی سوڵتان سەھاک کۆنترە بۆیە داوای زیندوکردنەوەی کردووە.شەبەکەکان سەرباری سیاسەتی رەگەزپەرستانەی راگواستن و بە عەرەبکردنیان و بەشێوازی جۆراوجۆر جینۆسیادکردنی کولتوریان.لەوانەش قەدەدغەکردنی زمانەکەیان کە بن لە لەهجەی دیالەکتیکیکی گۆرانە و دەچێتەوە سەر خێزانی زمانی کوردییەوە.

شەبەک یەکێکن لەو گرووپە ئیتنیکیە کوردیانەی کە لە دێرزەماندا لەکوردستان ژیاون و خەڵکی رەسەنی دەڤەرەکەن لە ئەسڵدا بە پێی بەڵگەنامە مێژوویەکاندا یارسان بوونە، بەڵام سەبارەت بەفشاری ئیسلام و نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بەتایبەت لە وڵاتی ئیراندا ناچارکراون زێدەکەی خۆیان جێ بهێلن روو لە باشووری کوردستان و دەشتی نەینەوا بکەن. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین ئاماژەیەک بە شێوەزار و مێژووی دابەشبوونی دانیشتوان وبیروباوەری ئایینیان وهەروەها پێکهاتەی تیرە وهۆزەکانیان بکەین، هەروەها ئەو ئامارە فەرمیانەی کە لەسەر دانیشتوانی شەبەک و دەڤەرەکەیان ئەنجامدراوە، دواجاریش ئاماژەیەک بە سیاسەتی بە عەرەبکردن و کۆمەڵکوژی شەبەکەکان و جینۆسایدی کولتووریان بکەین کە ئامانجی سەرەکی توێژینەوەکەمانە، هەر بۆ نموونە هەر لە دوای شآڵاوی تیرۆریستانی داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤بۆ دەڤەرەکەیان تا ئیستا لەلایەن ئەو گروپە تیرۆریستیەی کە بە ناوی رێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراوە بە داعش، پتر لە [١٣٨٢] هاووڵاتی کوردی شەبەک تیرۆرکراون..

- شەبەکەکان کێن و چین:

شەبەک گروپێکی ئیتنیکی کوردستانییە،ھەڵبەتە زۆر راو و بۆچوون ھەن لەسەر ئەسڵی شەبەک و زمان و ئایین و ژمارەیان، بەڵام ئەوەی لەسەری کۆکن شەبەک هاووڵاتی کوردستانی عیراقن و بەسەدان ساڵە لەپارێزگای موسڵ دەژین و ئاینیان بە پێی مەزهەبی شیعە 60% شیعەن و بە پێی مەزەبی سوننە 40% سوننەن . گوند و ناوچەکانیشیان لە ناوەو دەوروبەری موسڵ و دەشتی نەینەوان. نزیکەی ٧٢ گوندیان ھەیە. زمان و دابونەریتی تایبەت بە خۆیان ھەیە. بە پێی گێڕڕاوە مێژوویەکانی دوماھی سەردەمی عەبباسی و بەڵگە نامە عوسمانیەکان و ئینسکلۆپیدیای بەریتانی و ئیسلامی ئاماژە بەوە دەدەن کە شەبەک گروپێکی سەربەخۆن و ھەر لە سەدەی شانزەھەمی زانییەوە لە عێراق نیشتەجێن. شەبەک لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی و حاکمانی مووسڵ ھەمیشە بە چاوی نۆکەری بێگانە سەیر کروان، ئەم روانینە ھەمیشە ناوبرێکی درووستکردبوو لە نێوان ئەوان و دەسەڵاتدارانی ناو مووسڵ کە بە گشتی سوننە مەزھەب‌ بوون. ھەمیشە داپڵۆسینێکی مەزھەبی و نەتەوەیی لە سەر گوندنشینانی شەبەکدا ھەبووە و خاکەکیان بە سەر موڵکدارانی موسڵ دابەشکراوە و دانیشتووان کراون بە وەرزێر. کە دەوڵەتی عیڕاق دامەزرا بارودۆخەکە باشتر نەبوو. لە سەرژمێرییە یەک لە دوایەکە‌کاندا دووچاری ستەم و پەراوێزکردن ‌بوونەوە. ساڵی ١٩٨٧ پاش دەرچوونی بڕیارەکانی بە عەرەبکردن زۆر لە شەبەک لە خاکی خۆیان ئاوارە کران بە مەھانەی ئەوەی کە خۆیان بە کورد داناوە[٣]‌‌.ئێستا زیاتر لە ٦٠هەزار شەبەک لە شاری موسڵ و ٣٥ گوندی دەوروبەری دا دەژین. لە سەردەمی بەعسییەکان دا شەبەکەکانیش وەکوو ھەموو کوردەکانی دیکە ئەشکەنجە دران. رەژیمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردەواری شەبەکەکان بسڕێتەوە و ئەوان وەکو عەرەب بناسێنێ. ھەر وەسا کە زەلامێکی شەبەک وتویەتی «ئەگەر ئێمە کورد نەبووین، بۆ بەعسییەکان ئێمەیان لە ماڵەکان و شوێنەکانمان کردە دەر؟!». لە ئاخرین بزاوکە دا، شەبەکەکان بە گشتی داخوازیان لەوە کرد کە شوێنەکانیان بێتە تێکەڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. لە پاش روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣ دووبارە دوچاری داپڵۆسین بوونەوە، ئەم ئەمجارە لەلایەن توندڕەوەکانی القاعیدە و داتر ریکخراوی تیرۆریستی دەولەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش. شەبەک یەک نوێنەریان لە پەرلەمانی عیڕاقدا ھەیە بە ھەڵبژاردنی کۆتا.. بە کۆمەڵە دانیشتوانێک دەگوترێت کە لە پتر [٦٠] گوندی ناوچە جیاجیاکان لە باشووری کوردستان و باکووری عێراق بڵاوبوونەتەوە و بە تایبەت لە [دەشتی نەینەوا]دا نیشتەجێن. زۆرینەیان بە بنزاراوەی باجەلانی کە نزیکە لەشێوەزاری گۆران کە دیالەکتیکێکی کوردییە قسە دەکەن، لەم لێتوێژیەنەوەیەدا ھەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر ھەر یەک لە::-

شێوەزمانی شەبەک:.

مێژوو و دابەشبوونی دانیشتووانی شەبەک:.

بیروباوەڕی ئایینی شەبەک:.

پێکھاتەی ھۆزەکانی شەبەک:.

شەبەک لە نێو ئامارەکاندا:.

شێوەزاری زمانی شەبەک:

بە بۆچووونی رۆژهەڵاتناسان و هەروەها زمانناسانی کوردەوە، زمانی شەبەک بە لای زمانی ھیندۆ ئێرانی لەچەشنی [ زازا-گۆرانی] دەشکێتەوە. توێژەری ناسراوی عیراقی رەشید خەییون دەڵێت: ھەر چەند زمانی نەتەوەکانی دەوروبەر وەک تورک و عەرەب و فارس، کاری کردۆتە سەر زمانی شەبەک، وشەگەلی فارسی و تورکی و عەرەبیش خزاوەتە ناو زمانەکەیانەوە، بەڵام ئەوان بە شێوەزارێکی کوردی قسە دەکەن و بەڵگەش بۆ ئەمە تا رادەیەکی زۆر بەکارھێنانی وشە کۆنەکانیان پاراستووە و بەکاری دەھێنن.

هەڵبەت بە رای ئێمە زمان هەر تەنها بەکارهێنانی وشەو زاراوە نییە، بەڵکو لەهەمووی گرنگتر ستراکتۆری زمان و رێزمانەکەیە کە لە بنەڕەتدا شێوەزاری شەبەک هەمان یاسای و رێساکانی بۆ زمانی کوردی دەگەڕێتەوە، ئێمە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زانستی وردمان بۆ شێوەزاری شەبەک بۆمان روون بۆتەوە کە زمانەکەیان تێکەڵەیەکە لە بن دیالەکتیکەکانی کرمانجی و گۆران و لەک، بە تێپەڕینی رۆژگار ئەو شێوەزارەی لێ پێکهاتووە کە ئەمرؤ پێیدەگوترێت شەبەک.

پاکتاوی نەژادی ومێژوو و دابەشبوونی دانیشتووانی شەبەک:

هەندێ لە مێژوونووسان وا مەزەندە دەکەن کە شەبەک لەکۆتایی سەدەی ھەژدە لە رۆژاوای ئێرانەوە ھاتبنە دەشتی نەینەوا، بۆ یەکەمجار بە رەسمی لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی لە عیراقدا ددانیان پێدانراوە بەوەی کە یەکێکن لەپێکھاتەکانی گەلی عێراق. بەڵام لە سەردەمی رژێمی پێشوودا [دەسەڵاتی بەعسیەکان] وەک جۆرێک لەسیاسەتی رەگەزپەرستانەی ئەو رژێمە وبەمەبەستی پاکتاوکردنی نەژادی و بە عەرەبکردنیان، بە زۆر راگوێزییان پێدەکرێ و لەسەر زێدی باوباپیرانیان دەگوازرێنەوە، بۆهەندێ ناوچە لە باشووری عیراق وهەرێمی کوردستان. هەڵبەتە بە ھۆی ئەوەی بەرھەڵستکاری سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکانیان دەکرد، ھەروەک کەمە نەتەوایەتیەکانی دیکە کە لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون. واتە کەوتنە بەر ھەمان شاڵاوی ئەو سیاسەتە بە عارەبکردنەی کە بە گشتی لە دژی کورد پەیڕەودەکرا.

شەبەک بەسەر ژمارەیەک گوندی ئەو قەزایانە دابەشکراون لەوانە:

[موسڵ، حەمدانیە، تلکێف، شێخان، بەعشیقە، شنگال، تەلعەفەر، مەخمور] گوندەکانیشیان بریتین لە [ عەلی رەش ، منارە شەبەک ، تەھراوە ، باشیتە ، لەک ، جلیوخان ، شەھرزاد ، قەرەتەپە شەبەک، خوەیتلە، بلاوات، وەردک، کبرلی، خەزنە تەپە ، کوکجەلی، بازوایا، تۆبزاوە، تەبڕەق زیارە، دەراویش، ئەبو جەڕبوعە، خدر بەساتلی، سماقیە، نوڕان، خوبسات، شاقوڵی، شێخ ئەمیر، بەدنە وارین، بەدنە جۆرین، تەرجلە،عەباسیە، فازیلیە، سادە بەعویزە، شێخشیلی].

ژمارەیەکی زۆر لە شەبەک لەشارەکانی عێراق نیشتەجێن وەک شارەکانی بەغدا وموسڵ وێڕای ئەوە ژمارەیەکیان بۆ چەندان وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کۆچیانکردووە. لەپاش جەنگی ئازادکردنی عێراق کە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە ئەنجامدرا، زۆرینەی گوندەکانی شەبەک کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە، ھەروەھا لە لایەن چەکدارە تیرۆریستەکانەوە ژمارەیەکی دیکەی زۆر لە شەبەک لە شاری موسڵ بە ھۆی ناسنامەیانەوە کوژراون و بە زۆر کۆچیان پێکراوە، لە دوای رووداوی کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤   کەوتە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش، گوندەکانی دەشتی موسڵ بە تەواوی کەوتنە مەترسییەوە، ھاوکات زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە پەنایان ھێنا بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆرڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدا بوون..

[سالم جومعە] نوێنەری شەبەک لە پەڕلەمانی عێراق داوای لەرێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانی کرد کە گوندەکانیان بپارێزن. ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی شەبەک روویان لە شارەکانی وەک دهۆک وھەولێر و سلەیمانی کرد. دەڤەرەکانی کوردانی شەبەک دەکەونە ناو ماددەی ١٤٠ و بەشێکن لەهەرێمی کوردستان، بۆیە نایانەویت جارێکی تر بگەرینەوە سەر ئیدارەی موسل، داوا دەکەن ناوچەکانیان بگەرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، سالم شەبەک نوینەرانی کوردانی شەبەک لە ئەنجومەنی نوینەرانی ءیراق دەڵێت: ٤٥٠ هەزار کوردی شەبەک دەبین، زۆربەیان لە سنووری بەرتلە و تەلکیف و ٥٦ گوندی دەورو بەری موسل و تا ئیستا لەلایەن گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش زیاتر لە [١٣٨٢] هاووڵاتی کوردی شەبەک شەهیدیان داوە،

شیاوی ئاماژە بۆکردنە نوێنەری شەبەک لە پەرلەمان ی عیراق [حەنین قەدۆ] ئەمینداری گشتی کۆمەڵە شەبەکی دیموکراتییە و ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە چوارچێوەی لیستی ھاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو. ھەروەھا سەرۆکی ئەنجوومەنی کەمینەکانی عێراقە و تاکە نوێنەری شەبەکیشە لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان.حەنین قەدۆ لەو شەبەکە هەڵگەراوانەیە کە دژی گەڕانەوەی دەڤەرەکانی شەبەکنشینە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

بیروباوەڕی ئایینی شەبەک:

ھەمیشە وا باس لەشەبەک دەکرێت کە گروپێکن لە موسڵمانانی شیعە مەزھەب . ھەندێک لەوانە لەسەر رێبازی [ بەکتاشی]ن ، کە ئەو رێبازەیان لە شیعەکانی تورکیا وەرگرتووە.ھەروەھا باوەڕی تریان ھەیە کە دەڵێن : ئێمە بنەچەمان دەگەڕێتەوە بۆ [قزلباشیەکان] کە ئەوان لەسەدەی ھەژدەھەم لە ئێرانەوە ھاتوونەتە ناوچەکە و مزگەوت و حوسەینیە و تەکیەیان ھەیە بۆ نوێژکردن و پەرستنی خۆیان. بە پێی بۆچوونی هەندێ لە شەبەکەکان جگە لە کەمینەیەکی ئیزیدی، کەمینیەیەکی مسوڵمانی سوونەش لە ناو شەبەکەکان هەیە.

پێکھاتەی ھۆزەکانی شەبەک:

شەبەک لە چەند ھۆزێک پێکدێن کە ھەندێکیان کەوتوونەتە ناوچەکانی ھەولێرو کەرکوک و خانەقین ، ھەندێکی دیکەیان کەوتوونەتە ناوچەکانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. گرینگترین ھۆزەکانیشیان بریتین لە [ باجەلان و زراری و داودی و زنگەنە و رۆژبەیانی ].

شیاوی ئاماژە بۆکردنە دەکرێ پەیوەندی شەبەک بە ناوچەکانی باشوری کوردستان بەوە دیار بکەین کە ئەوان بە ڕەگەز کوردن و ھەر لە دێرزەمانەوە لە ناوچەکەدا دەژین و بوونیان ھەیە.

شەبەک لە نێو ئامارەکاندا:

ئاشکرایە کە شەبەک بەشێک لە دانیشتووانی گەلی کوردستانی عێراق پێکدێنێت ، بەڵام رژێمە یەک لە دوا یەکانەی بە درێژایی دەیەکانی سەدەی رابردوو کە جلەوی دەسەڵاتی عێراقیان گرتۆتە دەست، ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوە دابوونە کە ئەو پێکھاتەیە پەراوێز بخەن و جۆرەها سیاسەتی شۆڤینستانە لە ئاستیان بەکار بهێنن بە مەبەستی بە عەرەبکردنیان جینۆسایدی ئیتنیکی رۆشنبیرییان. ھەڵبەتە بەمەش کۆمەڵگەی کوردستان و عێراقیان پارچە پارچە کردووە.

توێژەری ناسراوی عیراقی [رەشید خەیون] وای دەبینێت کە شەبەک ھۆزێکی کوردین، بەڵام دەوروبەر کاریتێکردوون و بوونەتە کۆمەڵ کۆمەڵ و بەسەر ئایین و مەزھەبەکانی دەوروبەردا دابەش بووبن، ھەندێکیان چووبنەتە ناو تەکیە و رێبازی سۆفییەکان، ئەمەش لەبەر بەرھەڵستکاریکردنیان بووە لەبەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی بە عارەبکردنیان. بەشێک لەو خانەوادانە لە ساڵی ١٩٧٥ کۆچیان پێکراوە، ژمارەیەکی دیکە لە ساڵی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ بە زۆر لەگوندەکانیان راگوێزراون و لە ئۆردووگاکان نیشتەجێکراون . ھۆکاری ئەو راگوازتنەش ئەوە بووە گوایە لەسەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ دا بە نەتەوەی عەرەب نووسراون و ئەوانیش لە سەرژمێری ١٩٨٩ دا نەتەوەی خۆیان گۆڕیوە و کردوویانە بە کورد ، بۆ ئەوەی لە خزمەتی سەربازیی لە سوپای عێراق خۆیان دوورخەنەوە و بتوانن بە سانایی بچنە ناو فەوجەکانی بەرگری نیشتیمانی کوردی کە ئەوسا رژێمی عێراق بۆکوردە لایەنگرەکانی خۆی پێکی ھێنابوون، بۆیە دەوڵەتی عیراق بۆ ناوچەکانی [دەشتی حەریر] رایگواستن بەو ئیعتیبارەی کە ئەوان دەڵێن ئێمە بە نەتەوە کوردین. پاشان لە ساڵی ١٩٩١ لێبوردنی بۆ دەرکردن و دەرفەتی پێدانەوە کە بگەڕێنەوە سەر زێدی باووباپیرانی خۆیان.

پێشتر لە سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ دەسەڵات بە عەرەبی تۆمارکردبوون . لەوە پێشتریش لە ئامارە فەرمیەکان لەگەڵ ئێزیدیەکانیان تێکەڵی کردبوون، بۆیە راپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی تایبەت بە دابەشکردنی ئایین بەسەر دانیشتووانی عێراق ئاماژەیان پێنادا، لە ھەمانکاتدا لەگەڵ ئێزیدیەکانیش تێکەڵیان ناکات..

ھەروەھا نووسەرو مێژوونووس [رەشید خەیون] لەمیانەی لێتوێژینەوەکەیدا لەبارەی شەبەک کە لەکتێبەکەیدا بە ناوی [ ئایین و مەزھەبەکان لە عێراق]دا، پشت بە خەملاندنی کۆنی ئینگلیزەکان دەبەستێت کە پێشترکردوویانە و بە [١٠] دە ھەزار کەس دەیانخەملێنێت. بەڵام لە ئاماری ساڵی ١٩٤٧ ھەموویان لەگەڵ ئێزیدیەکان ھەژمار دەکرێن و بە [٣٣] سی وسێ ھەزار کەس لەقەڵەم دەدرێن . لە سەرژمێری ١٩٧٧ دا ژمارەکەیان بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی [ ٥٧ – ٥٨ ] ھەزار کەس.شیاوی باسکردنە گەر ئاوڕێک لەبەڵگەنامەی عێراقی ساڵی ١٩٣٦ بدەینەوە لەگەڵ سەرژمێرییەکانی دیکە بە ناو ناوی شەبەک نەھاتووە ، بەو پێیەی کە ئەوان کوردی موسڵمانن،ھیچ وردکارییەکی دیکە تایبەت بە ھۆزەکانیان کە عەرەب بن یان کورد باس نەکراوە. بەڵام ھەموویان لە ئاماری ساڵی ١٩٤٧ لەگەڵ ئێزیدیەکان ھەژمارکراون. رای فەرمیش کە پشت بە لێتوێژینەوەکانی پێشتر دەبەستێت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان لە کورد جیاکراونەتەوە ، وە ئاماری ساڵی ١٩٧٧ یش ئاماژە بەوە دەدا کە بە عەرەب تۆمارکراون. شێخ یونس شەبەک کە بەرپرسێکی شەبەکەکانە لە ناوچەی شێخان، هەروەها حەمار غانم کە کەسایەتیەکی دیاری شەبەکە لە سلێمانی دادەنیشێت .رایان وایە کە ژمارەی دانیشتووانی شەبەک زۆر لەوە زیاترە کە سەرچاوە فەرمیەکان ئاماژەیان پێکردووە، ژمارەی خەمڵێنراوی شەبەکەکان ئێستا خۆیان دەدەن لە٢٥٠ هەزار هاووڵاتی کە لە ناو هەرێمی کوردستان ودەشتی نەینەوای عیراقدا دەژین.

جینۆسایدی کولتوری چییە؟

بە پێیی بۆچوون و هزرو باوەڕەکانی [رافائیل لیمکن] کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چەمکی جینۆساید پشتگیری لە هزرەکانی دەکات، لە پەیماننامەی دژایەتی کردنی جینۆساید وپێناسەی بۆ چەمکی جینۆساید بە واتای وێرانکردنی راستەوخۆ ناگەیەنت بۆ ژێرخانی بنچینەیی لە ژیانی کۆمەڵێک خەڵک و پێهاتەی نەتەوەیی. کە لێکترازان و وێرانکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری و زمان و هەستی نەتەوەیی و ئایینی و هەبوونی ئابووری پێکهاتەیەکی نەتەوەیی بە ئامانجکراوە، کۆمەڵکوژیەکی ئاراستەکراوە بۆ تاکەکانی جڤاک وهاوکاتە بەرەو جۆرەها دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵگا بە ئامانجکراوەکە.

رافایل لیمکن کۆمەڵکوژی بۆ هەشت جۆر پۆلین کردووە، وەک جینۆسایدی سیاسی،کۆمەڵایەتی،کولتوری،ئایینی، ئەخلاقی،ئابوری،بیۆلۆژی و فیزیکی. کە ئەم پۆلینکردنانە بەسن بۆ شرۆڤکردنی هەنگاوەکانی کۆمەڵکوژی و چۆنیەتی تەگەرەخستنە بەردەم گەشکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردەوە.

جینۆسایدی کولتوری بە جینۆسایدی سپیش ناسراوە، کە واتەکەی لەگەڵ جینۆسایدی سوور جیاوازە کە جینۆسایدی فیزیکی دەگرێتە خۆی،

لای لیمکن دەچێتە پۆلینی سێیەمەوە کە بریتییە لە قەدەغەکردن و نە‌هێشتنی چالاکیی و دامەزراوە کولتورییەکان و گۆڕینەوەیان بە فێرکردنی پیشەیی لە پێناو قەدەغەکردنی بیرکردنەوەیەکی مرۆیی، چونکە بەردەوامی چالاکی رۆشنبیری لای تاوانبارانی جینۆساید کارێکی پر مەترسییە. و دەبێتە هۆی گەشەکردنی هزری نەتەوەیی، هەر بۆیەش تویژەران جینۆساید بە ئیتنۆساید ناودێر دەکەن. کە کۆمەلکوژییەکی بە مەبەستە بۆ بۆ یادەوەری بە کۆمەڵ و ناسنامە و رۆشنبیری گروپێک بێ پەنابردنە بەر جینۆسایدی فیزیکی و کوشتنی بە کۆمەڵیان.

شەبەک و پلانی خۆ بە کەمینە ناساندن:

بە ھۆی بە سیاسەتکردنی پرسی شەبەک و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی جوگرافیای دانیشتوانانی کورد لە موسڵ، پلانێکی کارا ھەیە بۆ ناساندنی شەبەک وەک کەمینیەیکی نەتەویی جیاواز لە کورد. بۆ ئەم مەبەستە حزبی سیاسی ودارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی [بە تایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆڤینی لە ناو تورکیا] بۆ تەرخانکراوە...

شیاوی ئاماژەپێکردنە ئەو نووسەرو توێژەرانەی لەسەر شەبەکیان نوسیووە کۆک نین لەسەر دیارکردنی ئەسڵی شەبەک و ھەر یەکێکیان لەوبارەیەوە دیدی خۆی ھەیە ، تەنانەت زۆرینەی لێکۆڵەرە عەرەبەکان بۆ مەبەستی سیاسی یان رەگەزپەرستی نەتەوەیی خۆیان بنەچەی شبەک دەبەنەوە سەر عەرەب. کە ئەوانە قەومێکن لە رۆژھەڵاتەوە ھاتوون و لەناوچەکانی موسڵ نێشتەجێن، دواتر لە رێگەی خزمایەتیەوە تێکەڵ بە ھەندێ ھۆزی کورد و تورکمان بوون، دابو نەریت و کلتوورو زمانی تایبەت بە خۆیان ھەیە، بێگومان ئەوانە بەوە لە پێکھاتەکانی دیکەی عێراق جیادەبنەوە کە تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆیان پاراستووە.

لەو تێڕوانینە جیایانەی لەسەر ئەسڵی شەبەک ھەن، بۆچوونی تر ھەیە دەڵێت ئەوانە ئەسڵیان تورکە و لەسەردەمی سەفەوییەکان بە بیروباوەڕو مەزەبەکەیانەوە ئاوارەی عێراق بوون .

دکتۆر داود چەلەبی لە کتێبەکەیدا [العراف] لاپەڕە ٨ وای دەبینێت: [کە شەبەک لە باشووری ئێرانەوە ھاتوون و زمانەکەیان تێکەڵەیەکە لەنێوان فارسی و کوردی و عەرەبی دا لەگەڵ کەمێک تورکی، شێوەزارەکەشیان نزیکە لە زمانی بەلوچی].

نووسەرێکی کورد بەناوی شاخەوان لە رێگەی نووسینێکیدا کە لەگۆڤاری [سەرھەڵدان] بڵاوکراوەتەوە بۆچوونی کورد لەبارەی شەبەک پووخت دەکاتەوەو دەڵێت :[ بە پێی بەڵگەنامە زانستە مێژووییەکان سەلمێنراوە کە گومان لەوەدانیە شەبەک کوردن و شێوەزارەکەشیان باجەلانیە کەسەر بە شێوەزاری گۆرانە . شێوەزاری گۆرانیش یەکێکە لەچوار شێوەزارەکەی زمانی کوردی]. بەڵام بۆچوونی زۆرینەش ئەوەیە کە شەبەک ئەسڵیان کوردە و ھەر لە زووەوە لە سەر خاکی کوردستانی باشوور ژیاون.

شەبەکەکان موسڵمانن و رێکخستنی کۆمەڵایەتیان لە پلەبەندی سۆفیگەری نزیکن. بۆ نموونە بە پیاوانی ئایینی تازەیان دەڵێن [مورید]، کە ئەوە لەلایەنی رۆحییەوە پەیوەندی بە مەرتەبەی سەرووی خۆیەوە ھەیە کە پێی دەڵێن [مورشید]، مورشیدیش پەیوەندی بە مەرتەبەی سەرووی خۆیەوە ھەیە کە پەناگای باڵایە و پێی دەگوترێت [پیر]. پیرۆزترین کتێبی ئایینی لای شەبەک کە دەستنووسێکی تورکییە پێی دەوترێت [ بویورق- ئەلئەوامر].

لە نووسەرانی عەرەبیش ئەحمەد حامد مەحمود ئەلسەراف لەکتێبێکی گەورەیدا کە خۆی زیاتر لە ٥٠٠ لاپەڕە دەدات بە ناوی [شەبەک]، لێتوێژینەوەی لەسەر ئەسڵی شەبەک و شوێنی نیشتەجێبوونیان و پەرستاگاکانیان کردووە، بە توێژینەوەی مەیدانیش سەردانی ژمارەیەک گوندی کردووە لەوانە گوندی [تیس خراب] کە مەزارگەی [ئیمام رەزا]ی لێیە [ع]. ھەروا وێنەیەکی[ زێوان] ی بڵاوکردۆتەوە بە دیمەنێک کە دیمەنەکەی بەرچاو نییە، بۆیە باس لە جل و بەرگەکەی دەکات و دەڵێت ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ جل وبەرگی ئیزیدیەکان، ھەرچەندە ئەو زێوانە بەرگی کۆنی شەبەکی لەبەر بووە.

ھەروەھا نووسەری عیراقی عەلی رەزا لەبارەی ئەسڵی شەبەکەوە دەڵێت: لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نووسەرو توێژەران لە سەر ئەسڵی شەبەک ھەیە و لە سەر دیارکردنیشی رێکنەکەوتوون دەتوانین ئەو سێ بۆچوونە بخەینە ڕوو :

-بۆچوونی یەکەم: ئەو بۆچوونە دەڵێت شەبەک قەومێکن لە رۆژاوای ئیرانەوە ھاتوون و ھەر لە کۆنەوە لەو ناوچەیە نیشتەجێن، ھەرچەند جیاوازیش ھەیە لەسەر مێژووی ھاتنیان بۆ ناوچەکە.

بۆچوونێکی دیکە ھەیە: ئەوانە بە ھەزار ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح لە ناوچەی باکووری دەریای قەزوێنەوە ئاوارە بوون و ھاتوونەتە ناوچەکە. ھەرچەند سەرچاوەیەک لەبەر دەستدا نییە کە بسەلمێنێت لە چ مێژووێکەوە لە ناوچەکە نیشتەجێن،

بۆچوونێکی دیکە ھەیە دەڵێت: شەبەک پاشماوەی میدیاییەکانن کە لە ساڵی ٦١٢ پ ز دەستیان بەسەر ئیمپراتۆریەتی ئاشووری داگرت،

ئیبن کەسیر لەکتێبەکەیدا لەبارەی مێژوو دەڵێت : [کاتێ ساسانیەکان دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتدا گرت دووبارە قەڵاتی موسڵ] یان نۆژەنکردەوە و سەربازەکانیان لەوێ نیشتەجێکردن و دەوروبەرەکەیان قایمکرد بەو گوندانەی لەوێ بوون کە جوتیارو پیشەکاری فارس و لوڕو کورد و ھەندێ خریستانی تیایدا نیشتەجێبوون].

باسیل نیکیتین ئەوە پشت راست دەکاتەوە و دەڵێت:

[جلەوی بەرفرانبوونی دەسەڵاتی میدییەکان لە ساڵی ٧١٤ پ ز بەرەو باشوور و بەسەر تەواوی ناوچەکەدا [- مانەوییەکان - کە خوورەوشتی ئێرانیان ھەیە بۆ ناوچەکە ھاتن، دواتر - سیتونیەکان - ھاتن کە بە رەچەڵەک ئێرانین. پاش ئەوەی مەملەکەتی ئاشوور لەساڵی ٦١٢ پ ز رووخا، بۆشاییەکی گەورە لە ناوچەکە پەیدابوو، تەنیا ئەو ھۆزە ئێرانیانە پڕیانکردەوە کە تازە ھاتبوونەتە ناوچەکە و لەرۆژھەڵاتی دیجلە نیشتەجێبوون.].

ھەروەھا قەشە سلێمان ئەلسائغ دەڵێت: [ ئەوانە لە رۆژھەڵاتەوە ھاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێبوون وەک براکانیان عەرەب و کورد کە بۆ ماوەی جیا جیا لە موسڵ نیشتەجێ بووبوون].

بۆچوونێکی تریش ھەیە دەڵێت: ئەوانە سەر بە ھۆزی [شبانکارە]ن کە سەر بە بنەماڵەی رەسەنی دلێمین و لەسەر مەزەبی ئیسماعیلین. لەسەردەمی سەلجوقیەکان ھۆزی شەبانکارە و کورد بەسەر ئەتابیکەکان سەرکەوتن، پاش رووخانی دەوڵەتی سەلجوقیەکان ھۆزی شەبانکارە دەستیانگرت بەسەر بەشی رۆژھەڵات لەھەرێمی فارس، بەمشێوەیە ناوی شەبەکیان لێنرا..

ھەندێ لەنووسەران دەڵێن شەبەک بە ئەسڵ تورکن و لە سەردەمی سوڵتان تۆغرۆڵی سەلجوقی لە ساڵی ٤٤٧ ک لە باکووری تورکیاوە ئاوارە بوون و ھاتوونەتە عێراق [ کە چەند ھۆزێکی تورک بوونە ] و لە گوندەکانی موسڵ نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی فریای خەلیفەی عەبباسی - قائیم بیئەمریلا - بکەون تا زاڵبن بەسەر دەسەڵاتی بوەیھیەکان..

بۆچوونی دیکە ھەیە دەڵێت:ئەوانە پاشماوەی ململانێی نێوان عوسمانیەکان و سەفەویەکانن لە ناوچەکەدا، لەم ڕووەوە - دکتۆر مستەفا کامل ئەلشەبیبی - وای دەبینێت کە [ شەبەک ھۆزگەلێکی تورکمانن، یان لەوانەیە بەکتاشی ڕەسەن بن و ئینتیماسیان بۆ سەفەوییەکان گۆڕابێت پاش ئەوەی حەیدەر بن جونەیدی سەفەوی بانگھێشتی کردن بچنە سەر باوەڕەکەی کە لە نێوان سۆفیگەرێتی و شیعەگەرێتی بوو، واتە سۆفیگەری و شیعەگەری بە یەکەوە کۆکردبۆوە، کە دروشمێکی سووری ھەبوو بە شوێنکەوتووانی دەگوترا، دواتر بەشێک لە تورکمان و بەکتاشی گۆڕان و بوون بە قزلباش، پاشان کە دەوڵەتی سەفەوی سەریھەڵدا روونبۆوە کە ئەوان مکوڕن لەسەر ئەوەی کێبڕکێی دەوڵەتی عوسمانی دەکەن و لەھەوڵی ئەوەشدان بەسەر دەسەڵاتەکەیدا زاڵبن، بۆیە سروشتییە کە عوسمانیەکان قزلباشەکان دەربکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان پارێزراو بێت و لەھەمانکاتدا سزایەکی تووندیشیان دەرکرد بۆ ئەو کەسانەی کەلەسەریان ئاشکرا بێت قزلباشن، کاتێ چەوساندنەوەیان زیادیکرد قزلباشەکان بەردەوامبوون لەوەی خۆپیشاندان بە بەکتاشیەکان بکەن بەرەو رۆژھەڵات بڕۆن، بە ئومێدی ئەوەی پەیوەندی بە سوپای سەفەوییەکانوە بکەن، بەڵام کاتێک زانیان ڕەوشەکەیان بۆ لەبار نییە و ئامانجەکەیان پێ ناپێکرێت، بەسەر لایەنەکانی رۆژھەڵاتی موسڵ دابەشبوون و پەیوەندییان بە ھاوکارانیان و ھاونیشتیمانیانی خۆیانەوە کردەوە لەرێگەی راماڵینی دەوڵەتە تازەکەیەوە کە لە ناوچەکە ھەبوو، پاشان لەوێ سەقامگیر بوون و دەستیانکرد بە کاری کشتوکاڵی بێ ئەوەی لەو کۆمەڵگە تازەیە بتوێنەوە، یان یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی خۆیان ون بکەن.

ھەروەھا نووسەر چەند بەڵگەیەکی لاواز لەسەر ئەوە دێنێتەوە کە ئەسڵی شەبەک تورکن وەک: سمێڵ ھێشتنەوە و لێک نزیکی زمانەکانیان، دەرکەوتنی شێوازی بیناسازی سەلجوقی لە شوێنە پیرۆزەکانیاندا بە تایبەت لە مەزارگەی ئیمام زەینلعابدین بن عەلی [ع] لە گوندی عەلی ڕەش ، ھەروا کتێبە پیرۆزەکەیان کە بە زمانی تورکی نووسراوە. ھەندێ لە نەتەوەکانی تورک بەڵگە بە ھەندێ سەرچاوە دێننەوە کە شەبەک بە بنەچە تورکن کە ئەوەش دەقەکەیە [ شرۆڤەی لۆرانس لوکھارت کەباس لە بوونی تورکمانی سەفەوی [قزلباش] لەعێراق دەکات، بۆ ئەوەی شا ئیسماعیل ئەو ھۆزە تورکمانیانە [ تاکاللو ، ئەستاجلو ، زولقەدەر ، شاملۆ ، راملۆ ، ئوشار ، کاجار ، فارشاک ] کەسب بکات، کە ئەوسا لە باکووری عێراق و باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا و سوریا و ئازەربایجان بوونیان ھەبوو، چونکە تورکمان بڕبڕەی پشتی ھێزی سەربازیی سەفەوییەکان بوون. پاش ئەوەی شا ئیسماعیل لە شەڕی چالدێران شکستی ھێنا و زۆرینە شوێنکەوتووانی لە باکووری عێراق پەرتەوازە بوون، شایانی ئاماژە بۆکردنە شا ئیسماعیل لە ساڵی ١٥٠٨ تا ١٥١٠ حوکمڕانی کوردستان و بەشێک لەباکووری عێراقی کردووە..

پڕفیسۆر موسا مەتآ دەڵێت: وا دیارە شەبەکەکان پەیوەندییەکی پتەویان بە بەکتاشیەکان و قزلباش و سەفەوەیەکان ھەبووە، ئەم بۆچوونەی ئەلسەڕڕاف پشتڕاستی دەکاتەوە، بەو پێیەی سەربازی شا ئیسماعیل بوونە و لە موسڵ دانیشتوون..

ھەروەھا موسا مەتا دەڵێت: زمانی شەبەک لە بنەڕەتدا تورکییە و تێکەڵ بە فارسی و کوردی و عەرەبی بووە، کتێبە پیرۆزەکەشیان کە ناوی [بویروق]ە، ئەویش بە زمانی تورکی نووسراوەتەوە، بیروباوەڕەکەشیان بۆ ھەمان مەزەبی بەکتاشی وعەلەوی دەگەڕێتەوە..

ئەدمۆنس کە لە چەندان پۆست لەپارێزگاکان و وەزارەتەکانی عێراق کاریکردووە و بۆ ماوەی چەند دەییەکیش لەعێراق ژیاوە دەڵێت: زۆرینەی شەبەکەکانی عێراق تورکمانن..

ئەلعومەرییش وای بۆ دەچێت کە شەبەک لە سەر مەزەبی شیعەی تورکمانین. ھەندێکی دیکە گریمانی ئەوەیان ھەیە کە شەبەکی موسڵ لە پاشماوەی ھۆزەکانی [ئاقوقۆنیلو یان قەرەقۆینیلو ]ی تورکمانی بن.

ھەندێ لەتوێژەران بۆچوونیان وایە کە شەبەک بە ئەسڵ کورد بن وھەر لە دێرزەمانەوە لە شاری موسڵ نیشتەجێ بووبن، یەکێ لەو نووسەرانەی کە زۆر لەو بۆچوونە پێداگیری دەکات نووسەری ناسراوی کوردی شەبەک [ئەحمەد شەوکەت]ە و وای بۆ دەچێت کە شەبەک بونیانتنەری شاری موسل بن. چونکە [ نەوادشیر کوردی کە میدییە ئەو قەڵاتی لە کەرتی رۆژئاوای رووباری دیجلە دروستکردووە، پێش ئەوەی ئاشوورییەکان بێنە ناوچەکە بە پێنج سەدە بە لایەنی کەم بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی حەوانەوەی ئەو کاروانانەی لە رۆژھەڵات و رۆژئاواوە بە ناوچەی حەریر گوزەر دەکەن، شیاوی باسە ئەم نووسەر پشت بە چەند سەرچاوەیەک دەبەستێت وەک: بۆچوونی مێژوونووسی ئەڵمانی – فۆن ھامەر – کە لە ساڵی ١٧٧٤ ز لەدایکبووە دەڵێت: دانیشتوانی موسڵ بە زمانی کوردی قسە دەکەن وئەوان کوردن . سەرەڕای ئەوەی کە کوردن بە ھەر سێ زمانی عەرەبی و فارسی و تورکیش قسە دەکەن . ھەروەھا ئەو راستیە مێژوونووسی بەناوبانگ – لسترانگ – پشتراستی دەکاتەوە و دەڵێت: ھەر لە دێرزەمانەوە خەڵکی موسڵ کوردن، ھەروا مێژوونووسی بەناوبانگی کورد – ئەمین زەکی بەگ – دەڵێت : خەڵکی موسڵ کوردن، نووسەر – چەلەبی زادە –ش کاتێک سەردانی موسڵ دەکات و کتێبی [ کشف الڤنون ] دادەنێت دەڵێت: بینیم خەڵکی موسڵ بە زمانی کوردی قسە دەکەن، گەڕۆکی بە ناوبانگی ئیتاڵی– مارکو پۆلۆ - کە لە ساڵی ١٢٨٠ ز بە موسڵ تێپەڕدەبێت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە گەر لە پشتێنەی موسڵ بچیتە دەرەوە ھۆزگەلێک دەبینی کە مێزەری گەورەیان لەسەر سەرەو بە ژیانی کۆچەری دەژین و پێیان دەوترێت کورد.

نووسەی ناوداری شەبەک ئەحمەد شەوکەت لە پوختەی بیرۆکەکەیدا دەڵێت : شەبەک لە بنەچەو نەوەی کوردن و لە ھەمانککاتدا ئەو پرسیارەش دەکات [ گەر نیشتیمانی کورد بە درێژایی سروشتی کوردستان درێژبێتەوە، ئیتر بۆ شەبەکەکان ھیچ نامێنێتەوە تەنیا ئەوە نەبێت کە کوردن]؟!.

جگە لەوە نووسەری تریش ھەن دەڵێن: شەبەک ئەسڵیان کوردە، بەڵام ئاماژە بە ھاتنیان و مێژوو و چۆنیەتی نیشتەجێبوونیان ناکەن لە ناوچەکانی موسڵ دا.

بۆچوونێکی تر شەبەک بۆ یەک بنەچە ناگەڕێننەوە ، بەڵکو وای دەبینن کە ئەسڵی شەبەک لە زۆر پێکھاتە پێکھاتوون، لەم بارەوە توێژەری ئینگلیز مەکنیزی ساڵی ١٩٥٨ – وای دەبینێت کە [ کە شەبەک لە ئەسڵی زۆر ڕەگەز پێکھاتوونە و کە لە ناوچەکەدا بوونە، شەبەکیش بە زمانی عەرەبی واتە تێکەڵبوون و تێکھەڵکێش. نەک وەک قەومەکانی دیکە عەرەب و کوردو فارس و تورکمان. ھەر یەکێک لەو قەومانە لە ھەوڵی ئەوەدان ڕەگەزی شەبەک بە خۆیانەوە بلکێنن و بیانکەن بە عارەب یان تورکمان یان فارس، زوھێر کازم عەبود پشتڕاستی ئەو بۆچوونە دەکاتەوە و دەڵێت: شەبەک لە ڕەگەزی چەند قەومێک پێکھاتوونە و تێکەڵکێش بوون، بەڵگەشی بۆ ئەمە مانا زاراوەکەیەتی کە [شەبەک] مانای   تێلبەند دەگەێنێت. وەک چۆن دەڵێن پەنجەکانم تێک ھەڵدەکێشم. لێرە تێکھەڵکێشان بۆ زۆر دێت، شەبەک واتە لێرەدا تێکەڵبوون و چوونە ناویەکی چەند ڕەگەزێک.

راسپاردە:

ھەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی ھەموو ئەو هاووڵاتیە شەبەکانەی کە ئاوارە و بێخانە ولانە بوون بە ھۆی جەنگێکەوە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، بە جیا لە دین و ڕەگەزیان.

ئەو لایەن و حزبە سیاسیانەی کە لەو بارودۆخەوە تێگلاون کەوتوونەتە ھەڵخڕاندنی ھەستی ڕەگەزپەرستی و تایفی، عەرەب لە دژی کورد، سوننی لە دژی شیعە و بە پێچەوانەوە. بە هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستانەوە لەوانەش خوشک و برا شەبەکەکان، ئەم سیاسەتەش بۆتە مایەی کارەسات و ھەل ومەرجێکی نامرۆڤانە و ڕەگەزپەرستانە لەعێراق و کوردستاندا. پێویستە فشار بخرێتە سەر پارتە سیاسیەکان بۆ کۆتایی ھێنان بەو سیاسەتە.

ھەرجۆرە ھەڵسوڕان و چالاکییەک لەلایەن لایەنگرانی داعشەوە [لەهەر شێووە و ستایلێک بێت] لە کوردستان و تەنانەت لەئەوروپاش دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەوەی ئەوان پیادەی دەکەن بەشێک نییە لە ئازادی بیروڕا و ئازادی ھەڵسووڕانی سیاسی، بگرە بانگەشەیە بۆ چاندنی ڕق و کوشتار. بۆیە دەبێت وەک نازییەکان تەماشا بکرێن. لەلایەکی تریشەوە، دەرکەوتنی ئەوان بارودۆخ دەخوڵقێنێ بۆ سەر بەرزکردنەوەی گروپ و مەیلە ڕاسیست و ڕەگەزپەرستەکان لە ئەوروپادا لە دژی ھەر ھاوڵاتییەکی غەیرە ئەوروپی یان ئەوانەی کە بە ناو لەوڵاتە ئیسلامیەکانەوە ھاتوون. ئەمەش پشێویەک دەنێتەوە کە ئەوروپا نیەتیەتی خۆی لێ لابدات،

شەبەکە ئاوارەکان ژیانیان دابین بکرێت”،” بەڵی بۆ کوردستانێکی سکولار نا بۆ توندو تیژی وسەرکوت کردن” ، “داعش یەکسانە بە فاشیزمی نوێ ، دەستی خوێناویتان لەسەر گیانی منداڵان و خەڵکی عێراق لەکوردستان ھەڵگرن، ئەوەی داعش بەرامبەر کوردانی دەشتی نەینەوا ئەنجامیدا، تاوانی ئەنفالی بەعسیەکانیشی تێپەراند ، چونکە ئەوان بەئاشکرا وێنەی کوشتارەکان، سەربرینی مرۆڤەکان، فرۆشتنی ژنان بە پاساو دەھیننەوە و بڵاویشی دەکەنەوە ، کەچی ھیزە ئیسلامیەکانی کوردستان، ئامادەییان تیا نییە، لاوازترین ھەڵویست ئیدانەی داعش بکەن و بەە بەھیزیکی تیرۆریست و ھاوسۆزی دەرببڕن لەمیدیاکاندا لیدوانی فەرمی بدەن. ئەم بێدەنگییەی لایەنە ئیسلامیەکان ئەوە دەردەخات ئەوان دژی رەفتارە فاشی و بەربەریەتی داعش نین بەرامبەر بە کوشتار و پاکتاوی کوردە شەبەک و ئیزیدییەکان، تەنیا بەھۆی ئەوەی ئاینیان یان مەزەبیان جیاوازە؟، لەکاتێکدا ئەو تاوانانە لەپال دروشمەکانی ئیسلامدا دەکرێ و وێنەیەکی زۆر ناشیرینی داوە بە ئیسلام کە خودی ئاینی ئیسلام بەربەرییە، ھەموومان دەیان نمونەی دووروویی ئیسلامیەکانمان لە ٢٣سالی رابردوومان لەبەردەستە لەسەر مافی ئازادی و داکۆکی لەقوربانی، کە لە کوردستان و ئەوروپا لەسەر بچوکترین سوکایەتی و لێکدانەوە بەئایین چالاکی ھەمە جۆریان دژی ئەنجام داوە.

-رەوشی ژیانی سەختی شەبەکەکان لە ناو کەمپەکاندا هەروەک ئیزیدییەکان لای ھەموو جیھان ئاشکرابوو ئەویش سەبارەت بە چالاکی کەسایەتی و رێکخراوەکان و میدیاکاندا، بەتایبەت لە کۆژانی هەندێ هاووڵاتی شەبەک لەکەمپەکانی ناو ھەرێمی کوردستاندا.

-چآرەسەرکردنی گرفتی لاوان و ئاستی بەرزی رێژەی بێکاری   بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و وازھینان لەخویندن. ھەروەھا رەوشی ھەڵایساوی پەنابەران لە تورکیا و یۆنان و سربیا،

-رەوشی منداڵانی زەوتکراو لە سایەی داعشدا دوای داگیرکردنی موسل لە ناوەرەراستی ٢٠١٤ کە کاریگەری زۆری ھەبووە لە ھەڵوەشاندنەوەی بونیاتی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی تاوانکردنی بەرفرەوانی لەدژی مافەکانی مرۆڤدا،لەھەقی شەبەک، ئیزیدی و مەسیحیەکان، تورکمانی شیعە، کاکەیی و سابیئەکان،کە ئیزیدیەکان بەشی شێریان بەرکەوتبوو لەتاوانی کوشتن ورفاندن و لاقەکردن و کۆیلەداری سیکسی و بەزۆر مسولمان کردن، بەسەربازکردنی منداڵان و بەزۆر دەرکردن، کەبووەی ھۆی پەیداکردنی درز لەبونیاتی کۆمەڵایەتی و پاشەکشێی بەھا پەروەردەیی و کۆەڵایەتیەکان.

منداڵی زەوتکراو لە لەناو خێوەتی پەنابەران لە ژیانێکی تاڵ و پاشەرۆژێکی نادیاردا، بەو رستەیە رەوشی منداڵە رزگاربووەکانی بندەستی داعش لەناو خێوەتی پەنابەران چڕ دەکەینەوە کە لەکەمترین پێداویستیەکانی ژیان بێبەشن، کە رەوشی خراپی تەندروستی و چاوددێڕی پزیشکی تێدا بەدی ناکرێت. کە ٢٧٤٥ منداڵی ھەتیو ھەن، کە دوای داگیرکردنی داعش بۆ ناوچەکە لە خێزانەکانیان دابڕاون وحکومەتی عێراقی و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرامۆشیان کردوون لە چوونە خویندنگا و لە ئامێزکردنیان، لەرەوشێکی نالەبارو تراژیدی دەژین.

-کەم ئەندامە تایبەتە سەختەکان کە بە گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی ونەبوونی فێرکردن و کێشەی خێزانییەوە دەناڵێنن، ئەو منداڵانەی کە بە گشت سرووتە مەحاڵەکانی کات و شوێن   گەمارۆدراون،

بایەخدان بە پەروەردەو فێرکردن لەناوچە کوردیەکانی شەبەک تا نەوەی نوێ بە زمانی دایکی خۆی کە کوردییە گۆش بکرێت و لە سیستەمی پەروەردەو خویندن دانەبڕێ.

دواجار داوا لە رای گشتی جیھان دەکەین لەرزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە رزگار بکرێن و دداننان بە جینۆسیادی ئیزیدیەکان و دیارکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی نێودەوڵەتی بۆ ئیزیدیەکان تا دووبارە تاوانی کۆمەڵکوژی لەیادەوەری گەلی کوردستان و عیراق و جیھاندا بەردەوام ودووبارە نەبێتەوە.

-بەمەبەستی تەواوکردنی توێژینەوەکەم لەسەر پرسی شەبەکەکان، چەند پرسیارێکم ئاراستەی چەند کەسایەتیەکی شەبەک کرد و راوبۆچوونی ئەوانم لەسەر ئەو کارەساتە تراژیدیە وەرگرت، پرسیارەکانیشم ئەمانە بوون:

-ئێوە وەک خەڵکی شەبەک چۆن دەرواننە کەیسی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونتان لەدەڤەرەکانی خۆتان، لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و شآم ناسراو بە داعش؟

-ئایا ئێوە ھەر تەنھا رێکخراوی ی تیرۆریستی ناسراو بە داعش بە تاوانبار دەزانن یان ھێزە ئیقلیمی و ناوچەیەکانیش بەشدارن لەو تاوانەدا؟

پێشنیارو راسپاردەی ئێوە چیە بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ئاوارەکان و گەڕانەوەی هاووڵاتیانی شەبەکی بەردەستی داعش و گەڕاندنەوەیان بۆسەر ماڵ و مولکی خۆیان و تەعویزکردنەوەیان؟

داھاتووی شەبەکەەکان لە عیراق و ھەرێمی کوردستاندا چۆن دەبینن؟

-شێخ یونس شەبەک [کەسایەتی]:

ئێمە باوەرمان نە دە کرد لەم سەردەمەدا تووشی فەرمانێکی وەھا ماڵوێران ئاوارە بین، بەڵام ئێمە بێئومێد نەبووین لە ھەموو بوارێکدا بەرخودانمان کردووە، لە ناو ولات ودەرەوەش، بەرای من داعش تاوانباری سەرەکییە، بەڵام دەوڵەتانی ھەرێمی دەستیان لەو کۆمەڵکوژییە ھەبووە و ھێزەکانی عیراقی خەمساردییان ھەبوو، بۆیە بە رای من پیویستە سزای یاسایی تاوانباران و کەمتەرخەمەکان بدرێن، رزگارکردنی دەشتی نەینەوادا.

قە رە بووکردنی متریالی ودەروونی خە ڵکی ئێمە بەتایبەت لە موسڵ،

بایەخدان بە خزمەت وگیانی خەلکی ، جێبەجێکردنی یاسا ورەچاوکردنی مافی شيبەک لە عیراق و ھەرێمی کوردستاندا کاری لە پێشینەن،

-عەمار غانم [کەسایەتی شەبەک]

-رێکخراوی تیرۆریستی دەولەتی ئیسلامی جیاوازی نەکەرد لە جینۆسایدی پیکهاتەکانی کوردستان لەوانەش شەبەک و ئیزیدی و کاکەی و تورکمانی شێعە و مەسیحیەکان، بۆیە پئویستا دوای ئازاکردنی موسل و گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر خاک و ماڵی خۆیان سەرەتا دەڤەرەکانیان ئاوەدان بکریتەوە،تەعویز بکەرینەوەو چارەسەری بریندارو سەقەت و کەمئەندامەکانیان بکرێت و پرۆژەی کارکردن بۆ بیکارەکان دابین بکریی، هەروەها لە هەمووی گرنگتر لە بواریپەروەردەو فیرکردندا خویندنی بە زمانی دایک بیت تا رۆڵەکانی ئیمەش وەک مندالانی هەریمی کوردستان بە زوانی کوردی بخویین..

ئەنجام:

پوختەی توێژینەوەکەمان ئەوەیە کە شەبەک لەچەند ھۆزێکی زۆرینەی کورد و کەمینەیەکی عەرەب و تورکمان و فارس پێکھاتوونە و بە درێژای مێژووی پێکەوە ژیانیان تێکەڵ یەکتر بوون. ھەر یەک لەو ھۆزانە ش شانازی بەوە دەکەن کە شەبەکن ئەویش بە ھۆی پابەندبوونیان بە ئایینەکەیان و بەھا بەرزەکانی نێو کۆمەڵگاکەیان، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ کۆمەڵگەی موسڵ بە رێزەوە سەیری ئەو پابەندبوونەی شەبەک دەکەن. لەوەدا بۆمان ئاشکرا دەبێت زۆرینەی ئەو نووسەر و توێژەرانەی قسەیان لەسەر بنەچە و زمان و باوەڕی ئایینی شەبەکەکان کردووە زانستی نەبوون، لەوانە هەندێکیان سەبارەت بە کەم زانیارییان، هەندێکیشیان بە هۆکاری رەگەزپەرستی نەتەوەییان ئەسلی شەبەکیان گەراندۆتەوە بۆ سەر نەتەوەکانی خۆیان. هەندێکیش لەو مێژوونووس و توێژەرە بیانیانە بە مەبەستی سیاسی و سیخوری و لێکترازانی پێکهاتەکانی گەلی کوردستان شەبەکیان بردۆتەوە سەر بنەچەی دیکەی غەیری کورد. هەروەک چۆن بەرامبەر بە زازاکی و لور و هەورامیەکان هەمان سیاسەتیان گرتۆتە بەر..مخابن ئەمڕۆ بە خراپ لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە بەرهەمەکەی دەچننەوە لە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە هەورامیەکان یان لوڕەکان، زازاکیەکان کورد نین، بۆیەش پێویستە لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەمەودوا بایەخی پتر بەم پێکهاتە رەسەنەی کوردستان بدات لە بوارەیلی جیاوازی کولتوری[ زمان وکەلەپوری میللی و وێژە هونەر]، هەروەها لە بوارەکانی پەوەروەردەو فێرکردن دەرفەتی گونجاویان بۆ برەخسێنێت تا نەوەکانیان لە زانست و زانیاری بێبەش نەبن، لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی وەک هەر هاووڵاتەیەکی هەریمی کوردستان بە پێی پلان و بەرنامەرێژی دەڤەرەکەیان ببوژێنێتەوە و دواجاریش هەوڵی دڵسۆزانە بدرێت کە ناوچەکان کە کەوتوونەتەوە ماددەی ١٤٠ بگەڕێندرێنەوە سەر هەریمی کوردستان..

سەرچاوەکان:

نصر مردان. الشبک. اصلهم، لغتهم، ديانتهم واعدادهم . جنيف2010-

عراقيون أصوليون متبعا المذاهب و الديانات، نصر مردان ، جنيف.

ما هي الطائفة الشبكية، نجمة الجدي، موقع الالكتروني . السيد احمد الحسين.

فەرهەنگی شەبەک- هەردەوێڵ کاکەیی، ئەنیستوتی کەلەپوری کوردی،سلیمانی ٢٠١٣

الکرد و المسآلە الارمنیە ١٨٧٧-١٩٢٠.هوگر تاهر توفیق، دار الفارابی،دار اراس ٢٠١٤

کورد العراق-الام وامال-مایکل ام غینتر-ت:عبدالاسلام النقشبندی- دار اراس ٢٠١٢

المآسات الکوردیە - جیرارد جالیاند-ت: عبدالسلام النقشبندی – دار اراس ٢٠١٢

الهویە و الامە فی العراق- شیرکو کرمانج-دار الساقی ٢٠١٣

کرد العراق- بنا الدولە داخل الدولە- دار الساقی ٢٠١٤

تآریخ الکرد فی العهود الاسلامیە- د.احم محمود الخلیل- دار الساقی ٢٠١٣

دلیل الًصحفیین للکتابة عن قضایا الاقلیات- مقومات عملیة- اسس مهنییة. خضر دوملی- مطبعة ماردین اربیل-٢٠١٧

گۆڤاری ئەکادیمیا ژمارە ٣٧ د.رەشاد میران-

گۆڤاری سوبارتو- ژمارە- ساڵی ٢٠١٤،

فەرەیدوون سامان

سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزریی

ئەندامی کۆمیتەی رێبەرایەتی ناوەندی پێنکوردی نێونەتەوەیی

ناونیشان: هەولێر.گەرەکی نووسەران



    5google plus   3 youtube   2 instagram   4 telegram 

       1twitter    facebook   rss     

This Browser is not good enough to show HTML5 canvas. Switch to a better browser (Chrome, Firefox, IE9, Safari etc) to view the contect of this module properly