یارسان

« دين حقيقت و بينش ياري يك تفكر ايلياتي و عشيره‌اي نيست كه براي محاسبات آن راهكاري سنتي بدون دخيل دادن علم و هر آنچه كه در حوزه‌ي نظامنديِ كائنات تعريف دارد در نظر گرفته شود. در واقع هر چقدر كه اشراق و مفاهيم يك تفكر بالاتر باشد، مباحث و گفتمان مربوط به آن نيز تخصصي‌تر و مشكل‌تر مي نماياند. پس ما نمي‌بايست كه مفاهيم را به اندازه‌ي وجود خود پائين بكشيم تا كه به گونه‌اي گردد كه هيچگاه عزم جزم براي بالا كشيدن و سعي براي فهميدن در خود پيدا نكنيم.»

 

 

 

 

نوشته شده توسط سارۆ خوسرەوی دسته: مطالب
نمایش از 15 فروردين 1399 بازدید: 84

https://image.peyserpress.com/root/root/images/1424112019_yarsan2411201919.jpg

یارسان گەنجینەیەكی فەرهەنگی، فیكری و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردە، كە بەداخەوە لەلایەن نەیاران و تاریكپەرەستان ، زۆر زوڵمی لێكراوە و نەیان هێشتووە كۆمەڵگای كوردی لێی بەهرەمەند بێت و ببێتە جێی شانازی بۆ خۆی.

 زۆڵمی دەسەڵاتداران ، تێنەگەیشتن و سوونەتیبوونی كۆمەڵگای كوردەواری و هەروەها "خان و خانبازی" لەنێو خودی كۆمەڵگای یارسان بوونەتە هۆكاری ئەوەی هەتا چەند ساڵی دوایی یارسان بێدەنگ بێت و نەتوانێ خۆی بناسێنێت.

بەڵام لەم نێوەندەدا كەسێك لە نێو جەرگەی كۆمەڵگای یارسان لەتەمەنی بیست ساڵیدا سەر هەڵدەدات و دەست دەكات بە توێژینەوە، نووسین ، رۆشنگەری و تێكۆشان لەبارەی ئایینی یاری و كۆمەڵگای یارسان.

تەیب تاهیری، لەبنەماڵەیەكی یارسانی لە"سەحنەی"ی كرماشان  پەروەردە بووە و هەر لەسەردەمی مناڵیدا دەستی كردووە بەخوێندنی كەلامەكانی یاری.

بەر لەبیست ساڵ "سەرنجام" كە كەلامەكانی سەردەمی "سولتان سەهاک"ـە كۆیكردووەتەوە و پاشان كەوتووەتە دوای وەرگرتنی ئیزن و مۆڵەتی چاپی كتێبەكەی، بەڵام لەدوای چەند ساڵ سەرگەردانی لە  ناوەندە پەیوەندیدارەكانی ڕژێمی ئێران، هاوكاری ناكرێ و دواجار بەناچاری دەچێتە باشووری كوردستان و لەوێ یەكەمین و كامڵترین نوسخەی" سەرنجام" بەڕێنووسی كوردی چاپ و بڵاودەكاتەوە.

خانەكانی یارسان و ڕژێمی ئێران لەدژی ئەم كارە رادەوەستن و بەشێوازی جۆراوجۆر ئازاری دەدەن.

سەڕەڕای هەموو جۆرە ئازار و دروستكردنی ناو و ناتۆرەی بێ بنەما بۆ ناوبراو، بەڵام ئەو كۆڵنادات و درێژە بەچالاكیەكانی خۆی دەدات و  لەساڵی ٢٠٠٩ زایینیدا "مێژوو و فەلسەفەی سەرنجام " چاپ دەكات. ئەم كتێبە شیكارییەكە لە"مێژوو و فەلسەفەی سەرنجام".

لە كتێبەكەدا ئاماژە بە زیاتر لە پێنسەد سەرچاوە و زیاتر لە پێنج هەزار وشەی كۆن و كلاسیكی "گۆرانی" كراوە.

ئەم كتێبە لەبەرئەوەی بەشێوەی زانستی و سەربەخۆ، دیالێكتیكی گۆرانی ناساندووە و لە ئیسلام جیای كردووەتەوە، لەگەڵ دژایەتی سەختی پاوانخواز و جیرەخۆران ڕووبەڕوو بووەتەوە و دژایەتی لەگەڵ نووسەری کتێبەکە گەیشتووەتە لووتكەی ئازار.

دروستكردنی دەنگۆی دوور لە ڕاستی، تۆمەت و بانكردنی بۆ ناوەندە حكومیەكان و هەڕەشەی كوشتن، دیسان نەیتوانیوە ناوبراو لە كار و ئامانجەكانی سارد و پەشیمان بكاتەوە و لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا درێژەی بە تێكۆشانی خۆی داوە.

ساڵی ٢٠١٠ی زایینی توێژینەوەیەكی چڕوپڕی لەسەر رۆژمێری كوردی لەژێر ناوی "زیك ئاریائی كوردی " ئەنجام داوە و بەچاپی گەیاندووە.

ساڵی٢٠١٣ زایینی "زەبوور حەقیقەت"ی بەشێوەی زانستی و ماناكردنی وشە سەختەكانی ئەم کتیبە كە چل دەفتەر لەخۆ دەگرێ، چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.

لەدوای "زەبوور حەقیقەت" كتێبی"بانگ سەرحەدان"ی بڵاو كردووەتەوە كە لەم كتێبەدا فەلسەفەی بنەمایی كەلامەكانی یارسان شرۆڤەكراوە.

تاهیری لە نێو ئەم كتێبەدا دەڵێت: گەورەترین و بەهێزترین فەلسەفەی جیهان لە نێو دڵی كوردستان و كوردایەتیدایە، بەڵام بەداخەوە دوژمنانی كورد رێگە نادەن كورد ببێتە خاوەنی ئەم فەلسەفەیە و خاوەنداری لەمیراتی ، فیكری، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی خۆی بكات.

تەیب تاهیری لەبارەی ڕەچەڵەكی كۆمەڵگای یارسان دەڵێت: " یارسانەكان لەنەژادی ئارین و دەچنەوە سەر گەلانی هیند و ئەوروپی و نزیكەی چوار هەزار ساڵ بەرلە زایین كۆچیان كردووە بۆ سەر خاكی كوردستان".

ئەوان لەكەنارەكانی دەریای "باڵتیكا" كۆچیان كردووە بەرەو ناوچەی "زاگرۆس"  و لەوێ نیشتەجێ بوون. لەدوای سەدان ساڵ تێكەڵی لەنێوان خەڵكانی زاگرۆس و "هیند و ئەوروپی" خەڵكانێكی نوێ پەیدا بوون كە پێیان دەوترا" گۆتی، لۆ لۆ، كالدی، هۆری". ئەمانە چوار هۆزی گەورەبوون. لەدەوروبەری ساڵانی ١٠٠٠ ی بەرلە زایین هۆزێكی تری ئارییەكان بەرەو شاخەكانی زاگرۆس هاتوون و لەگەڵ ئەو چوار هۆزەی تردا تێكەڵ بوون. لەم تێكەڵییەدا خەڵكانێكی تری تازە پەیدا بوون بەناوی "ماد / مێد" كەئەمانە ڕەچەڵەكی كوردی ئێستان كە كۆمەڵگای یارسانیش بەشێكی دانەبڕاوەن لەم كۆمەڵگایە.

لەسەدەی پێنجەم واتە دووسەد ساڵ بەر لەدایكبوونی "سولتان سەهاک" لە هەورامان زۆر گوندی یارساننشین هەبوون، بەڵام دواجار لەبەر شەڕ و كێشە و ململانێ لەگەڵ ئیسلامیەكان زۆرێك لەوان ناچار بوون بۆ پاراستنی گیانی خۆیان كۆچ بكەن بۆناوچەكانی تر.

بەڵام لەدەورانی "پردیوەر" لە بەرزەنجەی هەورامان گشت یارانی "یاری" لە دەوری یەك كۆبوونەتەوە و لەسەر بنەما ، ڕێچكە و دەستووری ئایینی یاری دەستیان كردووە بە تێكۆشان و برەویان بەئایینەكەیان داوە. ئەم شۆرش و تێكۆشانە بە سەرهەڵدانی سولتان سەهاک بەهێزتر بووە ".

سولتان سەهاک ساڵی ٦٢٢ هەتاوی لەبەرزەنجەی هەورامان لەدایك بووە.

ئەو بنەمای فیكری یارسان ئامادە"تدوین" دەكات و لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا یاسا و و ڕێسای بۆ دیاری دەكات.

تاهیری دەڵێت: "لەزەمانی "پردیوەر" بیروباوەڕی یارسانی گەیشتووەتە لووتكەی شكۆمەندی خۆی. واتە یارسان وەك ناوەندێكی فیكری كە بتوانێ ڕێنوێنی گەلانی ناوچەكە بكات، رۆڵی كاریگەری هەبوو و هەر لەو چوارچێوەیەدا زۆر كەس ڕوویان لە"پردیوەر" كردووە و لەوێ ئامێزیان بۆ كراوەتەوە.

هەروەها باس لە شۆرشگێڕی مرۆڤی یارسانی دەكات و دەڵێت: مرۆڤی شۆڕشگێر لە ئایینی یارساندا جێگای خۆی هەیە و خۆفرۆش نییە و لەبەر بەرژەوەندی مادی، گەلی خۆی نافرۆشی، بەپێچەوانەوە دژی زوڵم و تاریكپەرەستی تێكۆشان دەكات.

ئەگەر كەسێك لە نێو كۆمەڵگای یارساندا بكەوێتە دوای دوژمن بۆ ئەوەی زیان بەكۆمەڵگای خۆی بگەیەنێت، ئەوە بە"نوتفە" ناودەبرێت واتە لەبنەڕەتدا یارسانی نییە ، بەڵكو دزەی كردووەتە نێو كۆمەڵگای یارسان. یارسانی راستەقینە هیچ كات لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو شتەی کە وەک حەقیقەتگەرایی پێناسەی بۆ كراوە خیانەت ناكات".

تاهیری لەلایەكی دیكەوە یارسان بە بزووتنەوەیەكی فیكری فەلسەفی پێناسەدەكات و دەڵێت: "ئایینی یاری ڕاستییەكی بزاوتەیە بە درێژایی مێژوو بەشێوەی دەروونی لەلای پیاوچاكان لەسەردەمانی جیاوازدا هەر لە"هووریگەرییەوە تا مێهرپەرەستی و زەردەشتگەری" هەبووە و تا سەدەی حەوتەمی كۆچی گەشەی كردووە".یارسان  خاوەن فەلسەفە و  ڕوانگەی مرۆڤ مەدارییە و باوەڕی بەدونیای پاش مردن و هەستانەوەی دوبارەییە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری ، ئازادی ، حەقیقەت و مرۆڤخودایی.

بەهەشت و دۆزەخ لە ڕوانگەی یاری بەواتای زانین و نەزانین دێ، واتا مرۆڤی پێگەیشتوو و زانا بەهەشتی ژیان بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ و مرۆڤی دوگم و نەزانیش لە بازنەی دۆزەخ دا دەخولێتەوە.

بناغەی باوەڕی یاری ، ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتییە كە ئەوەشیان لە تەوەری خۆناسی و "مرۆڤخودایی" كە بنەمای فیكری ئەم ئایینەیە دەردەكەوێت.

ئەم بۆچوونە وا لەمرۆڤ دەكات كە وەڵامی خراپە بەچاكە بداتەوە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی پەروەردەی دەروونی بۆ باشتر بوون و گەیشتن بە پلەیەكی ئەخلاقی بەرز. واتە مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی یەكێكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئایینی یارسان ، كە ئەم هزرە لەسەدەی چوارەم و پێنجەمی كۆچیدا داڕێژراوە و لەسەردەمی "سولتان سەهاک" دا گەشەی كردووە. لەم ئایینەدا هزری مرۆڤدۆستی و ڕێزگردن لە مرۆڤ، پەیوەندی بەئەخلاقەوە هەیە. ئەخلاق لەئایینی یاری دا رێبازێكە بۆ پەروەردەكردنی كەسایەتی پەیڕەوانی لە هەموو بوارێك دا. پەروەردەی ئەخلاقی دەبێ بگاتە ئەو پەڕی لەخۆ بردوویی و خۆبەخشی لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بە گشتی و یارانی هاوئایین بەتایبەت، كەئەمەش بە باشترین شێوە لە یەكگرتوویی و یەكبوونی یاران لە"جەم " دا ڕەنگ دەداتەوە. پەیڕەوانی یارسان "تاكەخودایی" لە"زۆرینەی باوەڕی" دا دەبینن، بەپێی ئەم بۆچوونە، نووری خودا لە هەموو شتێكدا هەیە. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە "هەتاو" لە ئایینی یارساندا ڕێزی تەواوی هەبێت و بە پیرۆز دابنرێت.

بناغەی باوەڕ بە"كۆ" و دووركەوتنەوە لە "تاك" ، كە لە لایەن "سولتان سەهاک"ەوە دانراوە بە مەبەستی پاراستنی كۆمەڵگای یاریی و دوورخستنەوە لە خۆ بەزلزانی پەیڕەوانی بووە. پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونە بۆ ئەوەیە كە لە هزردا تاكپەرستی و خۆ بەزلزانین بوونی نەبێت.

یەكێكی دیكە لە بنەما سەركیەكانی ئایینی یاری هزری ڕزگار كردن عەقل و ئەندێشەیە لە زەنجیری خورافات و دیاردەی دواكەوتوویی. 

هێز و دەسەڵاتیش ، لە هەر چەشنێك، دەتوانێت ببێتە هۆی لادان و خۆ بەزلزانین و لەخۆ دەرچوون، كەواتە ئەم دیاردەش دەبێت كۆنترۆڵ بكرێت و ڕیگەی دەركەوتنی پێنەدرێت تا لەچوارچێوەی مرۆڤایەتیدا بمێنێتەوە، چونكە ئەگەر وا نەبێت دەبێتە ئامرازێك بۆ دابینكردنی بەرژەوەندی تاكەكەسی و داسەپاندنی بۆچوونی تاكەكەس بەسەر كۆمەڵگادا، ئەمەش یەكێكە لە گەورەترین و مەترسیدارترین دوژمنەكانی یاری و یارسان.

یارسان بە پێچەوانەی ئاینەكانی دیكەوە، نەچووتە مەیدانی شەڕ و كوشتار، بەڵكو هەمیشە هەوڵی داوە لە رێگای داگیرساندنی مۆم یان رووناكیەك لەگەڵ تاریكایی و زوڵم تێكۆشان بكات. یارسان لەبەرامبەر زوڵم بێدەنگ نەبووە، بەڵام لەباتی شەڕی فیزیكی رەخنەی كردووە و لەگەڵ بەرامبەرەكەی كەوتووەتە دیالۆگ وململانی فیكری.

یارسانی رەخنەگرە، لەبەر ئەوەی حەقیقەتگەرایە و تا ئامانجەكەی دەگاتە سەرنجام دەبێ بەردەوام بێ لەرەخنەگردن لەخۆی و لەبەرانبەرەكەی.

لەبارەی یەكسانی "عەداڵەت"ەوە تاهێری دەڵێت: كاتێك جەم پێك دێنی، ئەو جەمە خۆی لەخۆیدا هێمای یەكسانییە. لەقوربانی نێو جەمدا هەمووان بەشێوەی یەكسان بەشی خۆیان وەردەگرن، كە ئەمە جۆرێكە لە ڕەچاوكردنی یەكسانی لەنێو كۆمەڵگا.

لە پەیوەندی لەگەڵ ژینگەدا تاهیری دەڵێت: لە ڕوانگەی یارسانەوە بڕینەوەی دارێك بەواتای لەناوبردنی رۆحێكە لەبەرئەوەی یارسان گرنگیەكی زۆری داوە بە ژینگە. 

جێگای باسە، تەیب تاهیری جیا لەكار و تێكۆشانی لەنێو خۆی كۆمەڵگای یارسان، لەدەرەوەی "یارسان"یش هەوڵی زۆری داوە بۆ ناساندی حەقیقەتی یارسان. ئەو بۆ ئەوەی هەموو ئەو تۆمەتانەی كە دوژمنانی كورد داویانەتە پاڵ یارسان پووچەڵ بكاتەوە، شار بە شار و وڵات بە وڵات گەڕاوە و لەدەیان سیمینار و كۆبوونەوەدا، زانیاری ڕاست و دروستی لەبارەی یارسان خستووەتە خزمەت خەڵك و لایەنە شاراوەكانی یارسانی بۆ خەڵك شرۆڤەكردووە.
تەیب تاهیری، ئێستاش بەشێوەی چڕوپڕ سەرقاڵی توێژینەوە و شرۆڤەی ئایینی یارییە.
سەرچاوە:
- تاریخ و فەلسەفەی سەرنجام - تەیب تاهیری
- بانگ سەرحەدان- تەیب تاهیری
- دیمانەی تایبەتی بەندە لەگەڵ تەیب تاهیری لەئاریەن تیڤی
- دوو سیمیناری نووسەر لەستۆكهۆڵم و ئیسكلستۆنا

ئامادەکردنی سارۆ خوسرەوی

منبع:peyserpress

 

googlefacebook

This Browser is not good enough to show HTML5 canvas. Switch to a better browser (Chrome, Firefox, IE9, Safari etc) to view the contect of this module properly